جێنیس پلاسخارت: لەگەڵ وەزیری ناوخۆی هەرێم بەچڕی کارمان لەسەر رێککەوتنی شنگال کردووە

جێنین پلاسخارت
جێنین پلاسخارت

K24 - هەولێر:

جێنیس پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییان دەڵێت: سێ ساڵ بەسەر رێککەوتنی هەولێر و بەغدا تێپەڕیووە بەڵام هێشتا رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە، ئەمەش مایەی نیگەرانییە.

پلاسخارت لە میانی کۆنفرانسی نۆ ساڵەی جینۆسایدی ئێزدییان کە بە دروشمی (بەرەو داهاتوویەکی بەردەوامی سەقامگیر بۆ ئێزدییان) لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، رایگەیاند، لەماوەی نۆ ساڵی رابردوودا خەڵکی شنگال رووبەڕووی کۆمەڵێکی زۆر بەربەست و ئاڵنگاری بوونەتەوە، کە بووەتە هۆی رێگری لەبەردەم بونیاتنانی ئیدارەیەکی یەکگرتوو و دابینکردنی سەقامگیری لەو قەزایە.

نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق هیوایخواست، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ئەمساڵ ببێتە هۆکارێکی بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ شنگال.

پلاسخارت گوتیشی: مایەی نیگەرانییە کە سێ ساڵ بەسەر رێککەوتنی هەولێر و بەغدا تێپەڕیووە و هێشتا رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە.

نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق سەبارەت بە رێککەوتنی شنگال دەڵێت: "من و وەزیری ناوخۆی هەرێم بەچڕی کارمان لەسەر رێککەوتنی شەنگال کردووە".

پلاسخارت داواشیکرد هەرچی زووە رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت و گوتیشی: پێویستە قایمقام و ئاسایشی ناوخۆ بۆ قەزاکە دابینبکرێت.

جینۆسایدی ئێزدییان

پەرلەمانی کوردستان رۆژی سێی ئابی هەموو ساڵێکی بە رۆژی جینۆسایدی کوردانی ئێزدیی ناساندووە و ئەمڕۆ نۆ ساڵ بەسەر کۆمەلکوژی کوردانی ئێزدی تێدەپەڕێت.

لە هێرشەکەی رۆژی 3ی ئابی ساڵی 2014ی داعش بۆ سەر شنگال، چیای شنگال تاکە شوێن بوو ئێزدییەکان هانایان بۆ برد بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش. ئەو ئێزدییانەی لە دەست داعش و شەڕەکە هەڵهاتن پەنایان بردە بەر چیای شنگال. بەشێکیان بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەسەر چیاکە مانەوە، بەشێکیشیان لەوێوە خۆیان گەیاندە رۆژئاوای کوردستان و پاشان لەڕێگەی دەروازەی سێمێلکا - پێشابوورەوە گەڕانەوە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەبوون و بەشێکیشیان روویانکردە وڵاتانی دەرەوە.

بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە بۆ سەر شنگال؛ زیاتر لە پێنج هەزار کوردی ئێزدی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون.

هەر بەهۆی هێرشەکەوە زیاتر لە 325 هەزار ئێزدیی ئاوارەبوون. بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدییە رفێندراوەکانی سەر بە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون.

هەر بە پێی دوایین ئامار کە لە مانگی حوەزیراندا، لەلایەن نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی بڵاوکراوەتەوە، شەش ھەزار و 417 کوردی ئێزدیی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێندراون کە لەو ژمارەیە تا ئێستا،‌ سێ ھەزار و 458 کەسیان رزگارکراون و دوو ھەزار و 693 رفێندراوی دیکەیش ھێشتا بێ سەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە.

دوای هێرشەکانی داعش تاوەکو ئێستا زیاتر لە 85 گۆڕی بەکۆمەڵ و چەندین گۆڕی تاکە کەسیی ئێزدییەکان لە شنگال و دەورووبەری دۆزراونەتەوە.