بەریتانیا پێشوازی لە دیاریکردنی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات
K24 – هەولێر:
کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، پێشوازی لە راگەیاندنەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ دیاریکردنی رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
رۆزی کەیڤ، کونسۆڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، لە میانەی پەیامێکدا رایگەیاند، پێشوازی لە راگەیاندنەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات، بۆ دیاریکردنی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە (25ـی شوباتی 2024) بەڕێوەدەچێت.
کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر، ئاماژەی بەوەشکرد، بەریتانیا بەردەوام داوایکردووە هەڵبژاردنەکان بە شێوەکی ئازاد و دادپەروەرانە، گشتگیر بێت و بەبێ دواکەوتنی زیاتر ئەنجامبدرێت.
باسی لەوەشکرد، هانی هەموو لایەنەکان دەدەن کە بەشێوەیەکی بنیاتنەر بەشداریبکەن، هەروەها بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان کە دڵنیابن لەوەی کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەمە دەرفەتێکی گرنگە بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق بۆ تێکەڵبوون لە پرۆسەی دیموکراسی و بەرجەستەکردن و بەکارهێنانی مافی دەنگدانیان.
رۆژی پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023)، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی (25ـی شوباتی 2024) وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە و سەرجەم لایەنەکانی راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی رێکارە پێویستەکان.
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەشکرد، دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەنگی لایەنە سیاسییەکانی لەسەرە و بە راوێژ لەگەڵ هەموو لایەنەکان، رێککەوتوون لەسەر دیاریکردنی ئەو رۆژە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.