بانكی ناوهندی عێراق: ههفتهی داهاتوو چهند بڕیارێك بۆ دابهزاندنی بههای دۆلار دهردهچێت

K24 – هەولێر:
بانكی ناوەندی عێراق رایدهگهیهنێت، بڕیاری نوێ هەیە كە هەفتەی داهاتوو دەردەچێت، پێدەچێت كاریگهری لەسهر دابەزاندنی نرخی دۆلار لهبهرامبهردیناری عێراقی ههبێت.
عەمار حەمەد خەڵەف جێگری پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق، لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی عێراقیە نیوز رایگەیاند، بانكی ناوەندی هەفتانە پشكی دۆلار بۆ كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕكردن دابیندەكات، بە مەبەستی فرۆشتنی بە گەشتیاران بە ڕێژەی فەرمی و سنووردار بۆ هەر گەشتیارێك 3 هەزار دۆلار.
ئاماژەی بەوەشكرد، كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو لەلایەن بانكی ناوەندییەوە مۆڵەتیان پێدراوە بەپێی مەرجەكان و پابەندن بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە.
روونیشیكردەوە، یەكێك لە ئەركە بنەڕەتییەكانی سەرجەم كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی A و B و نێوەندگیری C بریتییە لە دابینكردنی دۆلار بۆ گەشتیاران بە ڕێژەی فەرمی و بەو بڕە كە بانكی ناوەندی دیارییكردووە.
گوتیشی: پلاتفۆرمێكی ئەلیكترۆنی هەیە كە بانكی ناوەندی لە سەرەتای ئەمساڵەوە كار لەسەر پەرەپێدانی دەكات، فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتیانیهوه لەڕێگەی ئەم پلاتفۆرمە ئەنجام دەدرێت و بە وردی لەلایەن بانكی ناوەندییەوە چاودێری دەكرێت.
سەبارەت بە نرخی ئاڵوگۆڕی دراو، خەڵەف رایگەیاند، بانكی ناوەندی چەند بڕیارێكی تایبەت بە كەرتی بانكی دەركرد، و گوتیشی: هەفتەی داهاتوو بڕیاری دیكە دەردەچن، كە رەنگە كاریگهرییهكی بەرچاویان لە كەمكردنەوەی نرخی دۆلار لهبهرامبهر دیناری عێراقی هەبێت.