بەرپرسی راگەیاندنی بەشی هەڵبژاردنی پارتی: پێشوازی لە دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەكه‌ین

K24 - هەولێر:

پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەکات.

هاوار محەممەد، بەرپرسی راگەیاندنی بەشی هەڵبژاردنی پارتی بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەوان پێشوازی لە دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردن دەکەن و پارتەکەشیان هەوڵدەدات لەو هەڵبژاردنە پێگە و کورسییەکانی زیاتر بکات.

هاوار محەممەد، ئاشکراشی دەکات، پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 100 کاندیدی دەبێت و لەسەدا 30ی ئەو ژمارەیەش ئافرەت دەبن.

رۆژی (3ـی ئابی 2023)، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی (25ـی شوباتی 2024) وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە و سەرجەم لایەنەکانی راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی رێکارە پێویستەکان.

دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەشکردبوو، دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەنگی لایەنە سیاسییەکانی لەسەرە و بە راوێژ لەگەڵ هەموو لایەنەکان، رێککەوتوون لەسەر دیاریکردنی ئەو رۆژە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە (30ـی ئایاری 2023) لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە ئێستادا لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاماده‌كاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ده‌كه‌ن.

رۆژی (21ـی حوزەیرانی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای پێشوازیکردنی لە جینین هێنس پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند، "خەڵک مافی هەڵبژاردنی هەیە، لەگه‌ڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، باسمان له‌ ئاماده‌كارییه‌كان و پشتیوانی له‌مباره‌یه‌وه‌ كرد".