ئه‌نجوومه‌نی مه‌تڕانه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا: هه‌ڕه‌شه‌ی گۆڕینی دیمۆگرافیامان له‌سه‌ره

K24 – هەولێر:
ئه‌نجوومه‌نی مه‌تڕانه‌كانی نه‌ینه‌وا بانگه‌وازییه‌كی ئاراسته‌ی مه‌سیحییه‌كان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێست له‌باره‌ی ناجیددیه‌تی حكومه‌تی عێراق له چاره‌سه‌ركردنی كێشه و قه‌یرانه‌كانیان نیشان بده‌ن.
رۆژی (پێنجشه‌ممه 3ـی ئابی 2023) ئه‌نجوومه‌نی مه‌تڕانه‌كانی نه‌ینه‌وا له نووسراوێكدا كه ئاراسته‌ی مه‌سیحییه‌كانی كردبوو، داوای كردبوو هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر به حكومه‌تی عێراق وه‌ربگرن كه له چاره‌سه‌ركردنی كێشه و قه‌یرانه‌كانیاندا جیددی نییه.
له به‌شێكی بانگه‌وازییه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه كرابوو، دوای ئه‌وه‌ی به‌زۆر و به‌ناچاری زێدی خۆیان به‌جێهێشت و ئاواره‌ی شوێنه‌كانی دیكه بوون، پێیان وابوو كه كۆسپ و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌میان كه‌م ده‌بێته‌وه، به‌ڵام وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و كۆسپ و ئاسته‌نگانه به‌رامبه‌ر به مه‌سیحییه‌كان چه‌ند جار زیاتر بووه و خه‌ریكه خه‌ونه‌كانیان له‌بار ده‌چێت.
ئه‌نجوومه‌نی مه‌تڕانه‌كانی نه‌ینه‌وا هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه، مه‌سیحییه‌كان له‌سه‌ر خاكی خۆیاندا ناتوانن نوێنه‌ری خۆیان هه‌ڵبژێرن و سیمبوڵه ئایینییه‌كانیان به‌بێ هیچ حیساب بۆكردنێك سووكایه‌تییان پێ ده‌كرێت، هاوكات هێزه ئه‌منییه‌كان كه له رۆڵه‌كانی ناوچه‌كانی ئه‌واندا پێكهاتوون، به‌ش و پشكیان له‌سه‌ر پشكپشكێنه و دووبه‌ره‌كی به‌ركه‌وتووه، له كاتێكدا چه‌ندین جار بۆ ئه‌و بابه‌ته بانگه‌وازیان راگه‌یاندووه، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كانی خوازراو نه‌بووه.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و بانگه‌وازییه، ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 4ـی ئابی 2023) به‌شێك له مه‌سیحییه‌كانی سنووره‌كانی نه‌ینه‌وا له‌به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی قایمقامییه‌تی حه‌مدانییه قه‌ره‌قووش له كاتژمێر 6ـی ئێواره گردبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تییان ئه‌نجام دا و چه‌ند داواكارییه‌كیان ئاراسته‌ی حكومه‌ت و به‌رپرسانی حكومه‌تی عێراق كرد.
له گردبوونه‌وه‌كه‌دا داوا كرا سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌كانی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچه جیاوازه‌كانی سنوروه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا بوه‌ستێندرێت، هه‌روه‌ها داوا ده‌كه‌ن یاسایه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ی هه‌ڵبژاردن په‌سند بكرێت، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌موو پێكهاته و رۆڵه‌كانی عێراق به‌یه‌ك چاو ته‌ماشا بكات.
له‌و گردبوونه‌وه‌یه‌دا داوای قه‌ره‌بووی پله‌كان و دامه‌زراندنی گه‌نجانی ناوچه‌كه له كوڕ كچ له حكومه‌تی عێراق كرد، هه‌روه‌ها به پیویست زانراوه پشك و به‌ركه‌وته‌یان له دامه‌زراندنه‌كاندا له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه پارێزراو بێت و هیچ حزب و هێزێكی سیاسی نه‌ته‌وانێت ده‌ستوه‌ران بكات. له كۆتاییشدا داوایان كردووه رێز له كتێبه پیرۆزه‌كان و سیمبوڵه ئایینییه‌كان بگیردرێت و هیچ كه‌س بۆی نه‌بێت ده‌ستدرێژییان بكاته سه‌ر.
له‌لای خۆیانه‌وه لایه‌نه‌كانی ناو ئیئتیلافی حه‌مۆڕابی كه پێكهاتوون له پارتی ئه‌نجوومه‌نی نه‌ته‌وه‌یی كلدانی، پارتی بزووتنه‌وه گردبوونه‌وه‌ی سریان، پارتی یه‌كێتی دیموكراتی كلدانی، ره‌وتی شه‌لامای مه‌سیحی و هاوبه‌ندی كلدانی جیهانی، پشتوانی خۆیان بۆ ئه‌نجوومه‌نی مه‌تڕانه‌كانی نه‌ینه‌وا ده‌ربڕی و داوایان كردووه، هه‌موو رۆڵه‌كانی مه‌سیحییه‌كان و هێزه سیاسییه‌كانیان به‌یه‌كه‌وه كار بكه‌ن بۆ پاراستنی دیمۆگرافیای ناوچه‌كه‌یان و به‌هێزكردنی نوێنه‌رایه‌تی سیاسی‌یان.