عەلی بەدران: خەڵکی بەسرە دەیانەوێت هاوشێوەی هەرێمی کوردستان ببنە هەرێمێکی سەربەخۆ و پێشکەوتوو

عەلی بەدران، چاودێری سیاسی
عەلی بەدران، چاودێری سیاسی

K24 – هەولێر:

چاودێرێکی سیاسی، رایدەگەیەنێت، خەڵکی بەسرە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە دەیانەوێت بەسرەش هاوشێوەی هەرێمی کوردستان پێشکەوتوو بێت، هەروەها دەیانوێت هاوشێوەی هەرێمی کوردستان ببنە هەرێمێکی سەربەخۆ.

عەلی بەدران، چاودێری سیاسی، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دوا هەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24، رایگەیاند، بابەتی بە هەرێمبوونی بەسرە بابەتێکی نوێ نییە لە ساڵی 2005ەوە پێشنیاز کراوە، هەروەها داواکراوە ببێتە هەرێمێکی سەربەخۆ بەهۆی نادادپەروەری حکومەتی عێراق بەرامبەر بەسرە، کە زیاتر لە %85ـی نەوت لە پارێزگای بەسرە بەرهەم دەهێنرێت، خەڵکی بەسرە دەزانن کە فەرمۆش کراون.

هاوکات راشیگەیاند، "زۆرێک لە خەڵکی ئێمە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، ئێمەش دەمانەوێت وەک هەرێمی کوردستان پیشکەوتوو بین و دەمانەوێت ئەزموونی پێشکەوتووی هەرێمی کوردستان بۆ بەسرە بگوازینەوە، هەموو شتێک لە هەرێمی کوردستان بە چاوی خۆمان دەبینین".

ئاماژەی بەوەشدا، خەڵکی بەسرە دەیانەوێت هاوشێوەی هەرێمی کوردستان ببنە هەرێمێکی سەربەخۆ و پێشکەوتوو.

ئەو چاوێرە سیاسییە، روونیکردەوە، دەستوریش رەوایەتی بەوە داوە هەر پارێزگایەک داوای بە هەرێمبوون بکات دەتوانێت بە دەستی بهێنێت، بەڵام حکومەتی عێراق هەموو هەوڵێک دەدات ئەو ئامانجەی خەڵک بەدی نەهێرێت.

پێشتریش، ئەسعەد عێدانی، پارێزگاری بەسرە، بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، ئەو پێشکەوتنەی لە هەرێمی کوردستان هەیە پێویستە بۆ پارێزگاکانی عێراقێش بگوازرێتەوە.

هه‌روه‌ها باسی لەوەشکردبوو، لە عێراق دوای 2003 بابەتی لامەرکەزییەت بەرەوپێشچووە، ئێمە دڵنیاین بابەتی لامەرکەزییەت دەتوانێت دەوڵەت بونیات بنێت و بەشێکی تەواوکاری حکومەتی فیدڕاڵییە، بۆیە تەواوکاری حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتە خوجێیەکان، عێراق بونیات دەنێت، بۆیە پێویستە ئەو پێشکەوتنەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە بۆ پارێزگاکانی عێراق بگوازرێتەوە.

Fly Erbil Advertisment