بەرپرسی نووسینگەی لاهور جەنگی لە رووداوێکی هاتووچۆدا گیانی لەدەستدا

لاهور شێخ جەنگی - کاروان عەلی شامار
لاهور شێخ جەنگی - کاروان عەلی شامار

K24 - هەولێر

کاروان عەلی شامار مامۆستای زانکۆ و بەرپرسی راگەیاندنی لاهور شێخ جەنگی، بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا.

کوردستان24 پەیوەندی بە سکرتێری رۆژنامەوانی لاهور شێخ جەنگی کرد و هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی: "ئەو زانیارییانەی تائێستا هەن دەگوترێت گیان لەدەستدانی کاک کاروان بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە بووە، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکرێت".

لەلایەکی دیکە سامان نادر بەڕێوەبەری سەنتەری فریاگوزاری خێرای سلێمانی، بە کوردستان24ی راگەیاند: "کاروان عەلی شامار لەگەڵ دوو هاوڕێی بووە کاتژمێر سێ بەرەبەیانی ئەمڕۆ 5/8/2023، بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری مارسیدس لە دووسایدی هەواری شاری سلێمانی، هاتووەتە خوارەوە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە، خۆی بەسەختی برینداربووەو دواتر گیانی لەدەستداوە، دوو هاوڕێکەشی بریندارن و ئێستا تەندروستیان جێگیرە".

کاروان عەلی شامار لە دایکبووی 28ی ئایاری ساڵی 1988ـە، کوڕی پێشمەرگەی دێرین عەلی شامار و وەسفیە بن وەیس ئەندامی پێشووتری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتییە، لە دوای رووداوەکانی 8ی تەممووزەوە، کاروان عەلی شامار وەک بەشێک لە کەسایەتییە دیارەکانی یەکێتی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی لە دەرەوەی حزبەکان کار دەکەن.

Fly Erbil Advertisment