عێراق؛ پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بەرهەمی خورما باشتربێت

ژمارەیەک دارخورما لە عێراق
ژمارەیەک دارخورما لە عێراق

K24 - هەولێر

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق ئاشكرای ده‌كات، پێشبینی ده‌كه‌ن به‌رهه‌می ئه‌مساڵی خورما بە راورد بە ساڵی رابردوو له‌ ئاستێكی باشتردا بێت.

محه‌مه‌د خه‌زاعی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وه‌رزی چنینه‌وه‌ی خورما له‌ قۆناغی سەرەتادایە و پێشبینی ده‌كه‌ن ئه‌مساڵ ئاستی به‌رهه‌می خورما باشتربێت.

له‌لایه‌كی دیكه‌ سائیر جبووری، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، هەناردەکردنی خورما لەم دواییانەدا بەهۆی دابەزینی بەرهەمهێنانەوە كه‌مبووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ساڵانی رابردوودا ملیۆنان دارخورما له‌ناوه‌ڕاست و باشووری وڵات چێندراون و هه‌وڵێكی زۆر هەیە به‌رهه‌می خورما بگه‌ڕێننه‌وه‌ ئاستی پێشووی تاوه‌كو هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی بكه‌ن.

پێشتر وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق رایگه‌یاندبوو، عێراق له‌ساڵی 2022 زیاتر له‌ 600 تۆن له‌ خورمای بۆ ناوچه‌كانی ئاسیا، هیندستان، چین، رووسیا و وڵاتانی كه‌نداو هه‌نارده‌ كردووه‌ و خواستێكی زۆر له‌سه‌ر جۆری خورما زوهێدی هه‌یه‌، كه‌ سه‌دا 70ی كۆی دارخورماكانی عێراق پێكدێنێت.

بەپێی داتاکانی حکوومەتی عێراق، بەرھەمھێنانی خورما ساڵانە لەو وڵاتەدا بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت، لەکاتێکدا پێشتر بەرھەمھێنانی خورما لە عێراق لەسەدا 10ی بەرھەمھێنانی جیھان بوو، بەڵام لەئێستادا لەسەدا پێنج تێپەڕ ناکات.

لە ھەشتەکانی سەدەی رابردوودا، 32 ملیۆن دار خورما لە عێراق ھەبوو، بەڵام لەئێستادا ئەو ژمارەیە کەمبووەتەوە و بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ساڵی 2023، ژمارەی دار خورما لەو وڵاتە گەیشتووەتە، 20 ملیۆن.

لەمبارەیەوە، یەحیا حمیەری،  سکرتێری گشتیی یەکێتیی خۆجێی کۆمەڵەکانی جووتیاران لە پارێزگای بابل ناوەڕاستی عێراق بە میدیاکانی راگەیاند، جیاوازییەکی زۆر ھەیە لەنێوان چاندن و بەرھەمھێنانی خورما و گوتی: "ساڵانە لە عێراق یەک دار خورما لەنێوان 100 بۆ 125 کیلۆگرام خورما بەرھەم دەھێنێت و ھەندێک ساڵ دەگاتە 150  کیلۆگرام".

گوتیشی: "بەرھەمھێنانی خورما لە عێراق، بەشێوەیەکی سەرەکیی پشت دەبەستێت بە ھەڵمەتێکی باشی قەڵاچۆکردنی مێروو، زۆری ئاو، چارەسەکردنی ئەو نەخۆشییانەی کە ھەموو وەرزێک تووشی خورما دەبن".

 کەمی ئاو، ھۆکارێکی گرنگە کە کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی بەرھەمی خورما دروست کردووە بە تایبەتیش لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و جووتیاران لەو پارێزگایانە، بۆ ئاودانی خورما بەدەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنن.

ھێشتا زۆربەی جووتیاران لە باشووری عێراق، پشت بە سەرچاوە کۆنەکانی ئاودێری دەبەستن و زەوییە کشتوکاڵییەکان بە ئاوی رووبار ئاو دەدەن کە ئەوەیش دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی بڕێکی زۆری ئاو، چونکە دەوڵەت و وەزارەتی کشتوکاڵ ئامێری ئاودێری سەردەمیانە دابین ناکەن.

هاوکات لە ژمارەیەک پارێزگای دیکەی عێراق، بە تایبەتی لە پارێزگاکانی نەجەف و کەربەلا، جووتیاران بۆ ئاودان پشتیان بە ئاودان بەدڵۆپە بەستووە. لەئێستادا حکوومەتی عێراق بە ئامانجی زیادکردنی بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی خورما وەک ساڵانی پێشوو، جووتیاران ھان دەدات خورما لە بیابانەکان بچێنن.

لە عێراق 625 جۆری خورما ھەیە بەناوبانگترینیان بریتین لە زوهدی، خەستاوی، حیلاوی، بەرحی، سایر، خەزراوی، ئەلوان، مەکتوم، ھەروەھا بەربن کە بەسەر دوو جۆردا دابەشکراوە: خورمای وشک و نیمچە وشک، بازرگانیی.

عێراق یەکێکە لە کۆنترین وڵاتانی جیھان کە خورمای تیادا چێنراوە، بەو پێیەی چاندنی یەکەم دار خورمای بەڵگەکراو لە جیھاندا لە شاری ئەریدو باشووری ئەو وڵاتە (چوار هەزار پ . ز) بووە کە ناوچەیەکی سەرەکی چاندنی خورما بوو.

بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان عێراق کە بە نەوت دەوڵەمەندە، یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی کە بەھۆی گۆڕانی ئاووھەواوە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، بەتایبەتیش لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە وەرزی ھاویندا کە 50 پلەی سەدی تێدەپەڕێنێت، وشکەساڵی لەو وڵاتە زیادی کردووە.

Fly Erbil Advertisment