نرخی نەوتی بەسرە بەرزبووەوە

K24 - هەولێر
نرخی نەوت لە دوا مامەڵەکانی هەفتانەی بازاڕی نەوتدا زیاتر لە دۆلارێک بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە، بەمەش شەشەم هەفتەیە لەسەر یەک دەستکەوت تۆمار دەکات، هۆکارەکەی بۆ ئامادەبوونی سعوودیە و رووسیا بۆ کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، دەگەڕێتەوە.
لە دوا مامەڵەکاندا بەرمیلەکی نەوتی بەسرە نزیکەی دوو دۆلار بەرزبووەتەوە، 1.81 دۆلار لە نرخی بەرمیلێک جۆری قوڕس زیادبووە و بە 81.79 دۆلار دەفرۆشرێت، یەک بەرمیل نەوتی جۆری مامناوەندی بەسرەش بە رێژەی 1.54% بەرزبووەوە و بە 84.84 دۆلار دەفرۆشرێت.
هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە رێژەی 1.3% بۆ 1.10 دۆلار بەرزبووەوە و بە 86.24 دۆلار دەفرۆشرێت، ئەمەش بەرزترین نرخی ئەم جۆرەی نەوتە لە ناوەڕاستی نیسانی رابردووە.
ئەم بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای بەیاننامەیەکی سعوودیە دێت، کە تێیدا جەختدەکاتەوە بەردەوام دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی هەناردە خۆی بە قەبارەی ملیۆنێک بەرمیلی رۆژانە و بە شێوەیەکی خۆبەخشانە بۆ ماوەی مانگیکی دیکەش، لە هەمان کاتدا رووسیاش بڕیاریدا 300 هەزار بەرمیل نەوت لە کۆی گشتی رۆژانەی هەناردەی خۆی کەمبکاتەوە.
شرۆڤەکارانی بانکی (یو.بی.ئێس) دەڵێن: "لەگەڵ درێژکردنەوەی ماوەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، پێشبینی دەکەین لە مانگی ئەیلوولدا کورتهێنانی بازاڕ زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار بەرمیلی رۆژانە تۆمار بکرێت کە لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کورتهێنانی هەبوو".
ئا: کاوار ساڵح