سەباح سوبحی: رەشنووسی یاسای نەوت و گاز تاکلایەنانە ئامادەکراوە

سەباح سوبحی
سەباح سوبحی

K24 – هەولێر

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، رەشنووسی یاسای نەوت و گاز لە عێراق تاکلایەنانە ئامادەکراوە و راوبۆچوونی هەرێمی کوردستان وەرنەگیراوە، بۆیە پێویستە جارێکی دیکە رەشنووسێکی نوێ ئامادە بکرێت.

سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق لەمیانی بەشداریکدن لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند: "بە چەند هۆیەک نەتوانراوە تائێستا رەشنووسی یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕێندرێت، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوە بوو کە ئایا رێگە بە هەرێمی کوردستان دەدرێت نەوت دەربهێنێت، لەناو رەشنووسەکەدا ئەمە روون نەکراوەتەوە، گرفتێکی دیکە ئەوەیە لە ماددەی 112ی رەشنووسەکەدا دەڵێ ئیدارەکردنی کێڵگە نوێیەکانی نەوت بە هەماهەنگی دەبێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان دەڵێین نابێ حکومەتی عێراق بە تەنیا ئیدارەی مەلەفی نەوتی لەدەست بێت".

گوتیشی: "ئەو رەشنووسەی ئامادەکراوە بۆ یاسای نەوت تاکلایەنانە کراوە و رای حکومەتی هەڕێمی کوردستان وەرنەگیراوە، ئێمە پێویستمان بە نەخشە رێگایەکە بۆ چۆنیەتی رەشنووسەکە و هەرێمی کوردستان بەشدار بێت لە رەشنووسێکی نوێ بۆ یاسای نەوت و گاز".

سەباح سوبحی، راشیگەیاند: "ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک لەبارەی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز بە ئامادەبوونی شاندی تەکنیکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی نەوتی عێراق بەڕێوەدەچێت، تێیدا باس لە بابەتە تەکنیکییەکان لەناو پڕۆژەیاسای نەوت و گاز دەکەن".

ئاماژەی بەوەشکرد: "پێش یەکلایی کردنەوەی رەشنووسی نەوت و گاز پێویستە بودجە بچێتە بواری جێبەجێکردن، چونکە پەیوەندی بە ژیانی خەڵکەوە هەیە، یاسای نەوت و گاز پێویستی بە رێککەوتنێکی سیاسییە، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کێشە و گرفت دروست نەکات".

ئەو پەرلەمانتارە، دەشڵێت: "لایەنەکان لە بەغدا لە ئێمە تێناگەن، بەڵام ئێمە باش لەوان تێدەگەین، عەقڵیەتێکی مەرکەزییان هەیە، دەبینن هەرێمێکی فیدراڵی هەیە و دەسەڵاتی خۆی هەیە، ئێمە دەزانین هەموو ئەو کێشانە لە بنەمای عەقڵیەتەوە دروست دەبن، ئەگەر یاساکە باشیش بێت کێشەمان بۆ دروست دەکەن، بەڵام خۆشبەختانە سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوکار و هەماهەنگە، لە بەرامبەر داواکارنی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام هەندێک لایەنی تێکدەریش هەن و دەیانەوێت رێگری بکەن، بەداخەوە هەندێک لایەنی کوردیش هەن رێگا خۆشکەرن بۆ کێشانە، ئەگەرنا گرفت نەماوە و لە یاساکان بە روونی ئاماژەی پێکراوە".

سەبارەت بە جێبەجێکردنی بودجە و ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان، ئەوەی خستەڕوو، ئەگەر بودجە جێبەجێ بکرێت و پشکی هەرێمی کوردستان بنێردرێ کێشە داراییەکان چارەسەر دەبن.

رەشنووسی یاسای نەوت و گاز لە ساڵی 2007 نووسراوە، لە ساڵی 2011 هەوڵدرا لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕێندرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان پەسند نەکرا، لەم کابینەی حکومەتی عێراق جارێکی دیکە هەوڵەکان بۆ ئەو مەبەستە خراونەتە گەڕ.