بارسێلۆنا بیركردنه‌وه‌ی له‌باره‌ی عوسمان دێمبێلی گۆڕاوه‌

بارسێلۆنا له‌باره‌ی عوسمان دێمبێلی بیركردنه‌وه‌ی گۆڕاوه‌، دەیەوێت رێگری لە چوونی عوسمان دێمبێلی بۆ پاریس سانجێرمان بکات و هەموو هەوڵێکیش دەدات ئەو یاریزانە رازی بکات پەیوەندی بە یانەی هیلالی سعوودیەوە بکات، لەبەر ئەوەی لەم گواستنەوەیە پارەیەکی زیاتریان لە چاو ئۆفەرەکەی شازادەکان دەستدەکەوێت.

هێشتان گواستنەوەی عوسمان دێمبلی بۆ ریزەکانی پاریس سانجێرمان یەکلایی نەبووەتەوە، بۆیە بارسێلۆنا دەیەوێت لە جیاتی یانە فەرەنسیەکە، ئەو یاریزانەی ناچار بکات پەیوەندی بە یانەی هیلالی سعوودیەوە بکات و ئەو یانەیەش ئامادەیە مووچەیەکی خەیاڵی پێشکەشی یاریزانە فەرەنسیەکە بکات.

رۆژنامەی وەرزشی سپۆرتی کەتەلۆنی زانیاری دەستکەوتووە، کارگێری یانەی بارسێلۆنا سەرەڕای ئەوەی خودی یاریزانەکە لەگەڵ پاریس سانجێرمان گەیشتووتە رێکەوتن، دەیەوێت رێگری لەو گواستنەوەیە بکات، لە پێناو ئەوەی عوسمان دێمبێلی پەیوەندی بە یانە سعوودیەکەوە بکات.

سپۆرت هۆکارەکەشی باس کردووە و دەڵێت: ئەگەر عوسمان پەیوەندی بە هیلالی سعوودی بکات، ئەوکات ئەو یانەیە هەموو مووچەکەی دەدات و ئامادەن ساڵانە نزیکەی 100 ملیۆن یۆرۆی پێشکەش بکەن، بە پێچەوانەوە ئەگەر یاریزانەکە روو لە پاریس بکات، ئەوکات بلاوگرانا ناچارە بەشێک لە مووچەکەی بکات.

لەلایەکی دیکەوە کارگێری بارسێلۆنا لە گواستنەوەی یاریزانە فەرەنسیە بۆ خولی سعوودی، لەوانەیە زیاتر لە 50 ملیۆن یۆرۆ لە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی دەستکەوێت، هەربۆیە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی عوسمان لە چوونی بۆ پاریس پاشگەز بکەنەوە.

چەند سەرچاوەیەکی دیکەش بڵاویان کردووەتەوە ئەستەمە ئەم پلانەی بارسێلۆنا سەربگرێت، چونکە عوسمان لە کاتی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی یەکێک لە مەرجەکانی ئەوە بووە هەر کاتێک ئارەزووی جێهێشتنی یانەکەی هەبوو پێویستە بارسێلۆنا رێگری لێنەکات.

عوسمان دێمبێلی پێشتر کارگێری بارسێلۆنای ئاگادار کردووەتەوە، ئەو بە هیچ شێوەیەک ئامادەنیە ئەوروپا جێبێڵێت و بێجگە لە پاریس سانجێرمانیش ئامادەنیە یاریی بۆ هیچ یانەیەک بکات، بۆیە رەنگە تەنها وادەی گواستنەوەی بۆ پاریس هەندێک دوابخرێت.

لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی وەرزشی مۆندۆدێپۆرتیڤۆی کەتەلۆنیش بڵاویکردەوە، بارسا داوای له‌ عوسمان دێمبێلی كردووه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ راهێنانه‌كان و دەیەوێت پرۆسەی گواستنەوەی عوسمان بۆ پاریس تاوەکو 21ـی ئەم مانگە دوابخات وەکو فشارێک بۆ سەر پاریس بۆ ئەوەی لە بڕیاری گواستنەوەی ئەو یاریزانە پاشگەز ببنەوە.

Fly Erbil Advertisment