عەلی حوسێن: لەگەڵ شاندی یەکێتی باسمان لە بابەتەکانی پەیوەست بە سنووری سلێمانی کرد

شاندێکی یەکێتی لە سلێمانی سەردانی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دەکات

K24 – سلێمانی

ئەمڕۆ شاندێکی مەڵبەندی یەکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە سلێمانی سەردانی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی رایدەگەیەنێت، باسیان لە بابەتەکانی پەیوەست بە سنووری سلێمانی و هەماهەنگی زیاتر لەنێوان هەردوولا کردووە.

عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک بابەت کە پەیوەستن بە سنووری سلێمانی و پێکەوە کارکردن، گفتوگۆیان لەسەر کرا".

ئاماژەی بەوەشدا، باسیان لەوەکردووە کە هەماهەنگی زیاتریان هەبێت و پشتیوانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن، گوتیشی: "ئێمە و یەکێتی هاوپەیمان و هاوبەشین لە حوکمڕانی و هەر لایەنەش بۆ خۆی کاری سیاسی خۆی دەکات".

عەلی حوسێن، لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "ئێمە لەگەڵ ئەوەین کە هەڵبژاردن لەکاتی خۆی بکرێت، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان 25ی شوباتی 2024ی وەکو رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریی کردووە، ئێمە پێمان وایە ئەمە دوا کاتە و دەبێ هەموو لایەک هاوکاربن بۆ ئەوەی لەو وادەیە هەڵبژاردن بکرێت".

سەبارەت بە کۆدەنگی لە ناوچە کوردستانییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، عەلی حوسێن دەڵێت: "وەکو پارتی لەگەڵ کۆدەنگین لەو ناوچانەی کە پێویستە کورد یەکدەنگ بێت، بەڵام لەو شوێنانەش کە نەتوانین لە هەڵبژاردن پێکەوە بین دەکرێ دوای هەڵبژاردن یەکدەنگ بین و پێکەوە بین".