رێبوار بابکەیی: ئەگەر بەغدا پابەندی رێککەوتنەکان نەبێت ئەوا هەرێمی کوردستان بژاردەی خۆی دەبێت

رێبوار بابکەیی
رێبوار بابکەیی

K24 - هەولێر:

ئەندامێکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی سەبارەت بە رێککەوتنی هەرێم و بەغدا دەڵێت: ئەگەر بەغدا پابەندی رێککەوتنەکان نەبێت ئەوا هەرێمی کوردستان بژاردەی خۆی دەبێت.

رێبوار بابکەیی، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12ـی کوردستان24 سەبارەت بە سەردانەکەی ئەمڕۆی شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا، رایگەیاند، سەردانی شاندی باڵای پارتی بۆ بەغدا، ئامانج لێی تاوتوێکردنی پرسە سیاساییەکان و رێککەوتنی سیاسی نییە، چونکە ئەو قۆناغانە تێپەڕیون، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە پەیامی سیاسی هەرێمی کوردستان بدات بە لایەنە سیاسییەکان بە تایبەتی بە لایەنی شیعە کە ئێستا زۆرینەن.

سەبارەت بە پەیامی سیاسی هەرێمی کوردستان، رێبوار بابکەیی باسی لەوەکرد، پەیامەکە ئەوەیە، ئەگەر لایەنە سیاسییەکانی عێراق و حکومەتی عێراقی پابەند نەبن بەو رێککەوتنانەی کە لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق لەسەر یاسای بودجە و پرۆژەیاسای نەوت و گاز کراوە، ئەوا هەرێمی کوردستان بژاردەی خۆی دەبێت.

گوتیشی: بژاردەکانی هەرێمی کوردستان کاریگەری خۆیان دەبێت لەسەر هاوکێشە سیاسییەکانی عێراق.

بە بڕوای ئەو، هەوڵێک هەیە بۆ لێدان لە پێگەی دەستووری هەرێمی کوردستان.

رێبوار بابکەیی راشیگەیاند، هەندێک لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق پێیان وابوو نەرمینواندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرفەتە بۆ لێدان لە پێگەی هەرێمی کوردستان، بەڵام دەبێت ئەوە بزانن ئەم نەرمیە مانای تەسلیم بوون نییە بە ئیرادەی سیاسی ئەوان، چونکە ئیرادەی "ئێمە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خەڵکی کوردستان و هەڵوێستە نەگۆڕەکانی سەرۆک بارزانی".

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی ئابی 2023، شاندێکی باڵای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرەو بەغدا بەڕێکەوت و، بڕیارە ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی نێو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ئەنجام بدات.