مەسرور بارزانی لەگەڵ کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ کۆبووەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ڤۆلکەر تورک، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ڤۆلکەر تورک، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ

K24 - هەولێر:

ئه‌مڕۆ دووشەممە (7ـی ئابی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڤۆلکەر تورک، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ و شاندێکی یاوەری کۆبووەوە.

وەک لە راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە گەلی کوردستان، لە درێژایی مێژوودا، دووچاری چەندین کۆمەڵکوژی و جێنۆساید و پێشێلکردنی مافەکانی بووەتەوە و قوربانییەکی زۆری لە پێناو بەدەستهێنانی مافە رەواکانی داوە، بۆیە زۆر بە گرنگییەوە لە پرنسیپەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و  بەهاکانی ئازادی و دیموکراسی دەڕوانێت.

لەو دیدارەدا مەسرور بارزانی داوایکرد کۆتایی بە پێشێلکردنی مافەکانی گەلی کوردستان بێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتی هەرێمی کوردستان بدات بۆ دەستەبەرکردنی "مافە رەواکانمان و پێویستە رێگە بگرن لە دووبارەبونەوەی کارەسات و جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستان".

هەروەها سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا کورتەیەکی دەربارەی چاکسازییە گشتگیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، بە تایبەتی پلانی  پەسەندکراوی پێنج ساڵەی حکومەتی هەرێم تایبەت بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و توندڕۆیی و بەتایبەتی توندوتیژی دژی ئافرەتان.

مەسرور بارزانی لەو دیدارەدا دووپاتیکردەوە، کە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و  پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان، بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

لەلای خۆیەوە کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ، سوپاسی هاریکاری و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بەتایبەتی لە بواری پاراستنی مافەکانی مرۆڤ .

بە گوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتە نەرێنییە هەمەلایەنەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە سەر ژیانی مرۆڤ و برەودان بە هوشیاریی ژینگەپارێزی، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو.

ههه