عەرەبەکان بە لێشاو ناوی خۆیان دەگوازنەوە سەنتەری شاری کەرکووک

K24 - کەرکووک

عەرەبەکانی دەرەوەی کەرکووک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، بەلێشاو ناوەکانی خۆیان بۆ سەنتەری شار دەگوازنەوە، ئەمەش بە پلان دەزانرێت و مەترسییە بۆ داهاتووی شارەکە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی وکردستان24، لە یەک بنکەی تۆماری دەنگدەران لە کەرکووک، لە ماوەی کەمتر لە مانگێک نزیکەی هەزار هاووڵاتی و لە بنکەکانی دیکەش تائێستا پەنجاو پێنج هەزار کەس ناوەکانی خۆیان گواستووەتەوە، ئەم هەنگاوەی عەرەبەکان بەوتەی لایەنە کوردییەکان جێگەی گومانە و پێیانوایە ئامادەکارییە بۆ ساختەکاری.

بەشێک لەو عەرەبانەی ناوەکانیان دەگوازنەوە ناو سەنتەری شاری کەرکووک، دانیشتووی حەویجە و دەوروبەری کەرکووکن.

ساڵح ئەبرەس، هاووڵاتییەکی دانیشتووی حەویجەیە بە کوردستان24ی گوت: "ناوەکانمان لە حەویجەوە بۆ کەرکووک دەگوازینەوە، ئەم هەڵبژاردنە داهاتوومانە و شار شاری خۆمانە، پێویستە پارێزگاری لێبکەین و ئێمە دەمانەوێت و داوای دەکەین".

هاووڵاتییەکی دیکەی حەویجە کە هاتووەتە یەکێک لە بنکەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە کەرکووک دەڵێت: "من کارتی دەنگدانم نوێکردەوە و لە حەویجەشەوە بۆ کەرکووک گواستمەوە".

هاتنی بەلێشاوی عەرەب و گواستنەوەی ناوەکانیان بۆ کەرکووک ناسروشتییە، لایەنە سیاسییە کوردییەکان بەگومانەوە لەم هەنگاوە دەڕوانن و وەک هەوڵ و پلانێکی عەرەبەکان بۆ ساختەکاری دەیبین.

سامان رەشید، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی لە کەرکووک بە کوردستان24ی راگەیاند: "دەیانەوێت دەنگدەرێکی زۆری عەرەب بێنە ناوشاری کەرکووک، بۆ ئەوەی دیمۆگرافیای کەرکووک بگۆڕن، بە دیدی من ئەوە پلانیانە بۆ داهاتوو".

گوتیشی: "پێویستە سنوورێک بۆ ئەوە دابنێین و رێگە نەدرێت چیتر عەرەبەکان بە لێشاو بگوازرێنەوە کەرکووک، چونکە ئەمە مەترسی گەورەیە، ترسی ئەوەمان هەیە لە داهاتوودا زۆرینەی دانیشتووانی سەنتەری شاری کەرکووک بکرێت بە عەرەب".

هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ چەند ساڵی داهاتووی شارەکە چارەنووسازە، هەریەکە و هەوڵی ئەوە دەدات لە بەرژەوەندی پێکهاتەکەی خۆی یەکلایی بکاتەوە.

Fly Erbil Advertisment