لە هەرێمی کوردستان رێژەی هەڵاوسان بەرزبووەتەوە

K24 – هەولێر:
بەگوێرەی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، رێژەی هەڵاوسان لەسەر ئاستی مانگانە لە هەرێمی کوردستان بەزربووەتەوە، بەشێوەیەک لە هەولێر و دهۆک دابەزیوە و لە سلێمانی بەرزبووەتەوە.
رۆژی سێشەممە (8ـی ئابی 2023) دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە هەرێمی کوردستان ژمارەی پێوانەیی نرخی بەکاربەر لەسەر ئاستی مانگانە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەراورد بە مانگی ئایار بە رێژەی %0.7 بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە و گەیشتووەتە 113.2 خاڵ بەرامبەر بە 112.37 خاڵ لە مانگی ئایاردا.
لەسەر ئاستی ساڵانەش هەڵاوسان بەرێژەی 1.2% بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە، بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانیش لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا ژمارەی پێوانەیی نرخی بەکاربەر 111.8 بووە.

هەروەها لەسەر ئاستی پارێزگاکان ژمارەی پێوانەیی نرخی بەکاربەر لە هەولێر بە رێژەی 0.4% و لە دهۆک بە رێژەی 0.6% دابەزیوە، بەڵام لە سلێمانی بەرێژەی 2.1% بەرزبووەتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان رێژەی هەڵاوسانی بۆ مانگی ئایار کە مانگی رابردوو بڵاویکردەوە و رایگەیاند، رێژەی هەڵاوسان لە هەرێمی کوردستان بە رێژەی 0.6% دابەزیوە کە چوارەمین مانگ بوو لەسەر یەک رێژەی هەڵاوسان لە هەرێمی کوردستان دادەبەزی.
دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردبوو، پێنوێنی نرخی بەکاربەر بۆ مانگی ئایار لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 112.37 و بەراورد بە مانگی نیسانی پێشخۆی بە رێژەی 0.6% دابەزیوە کە 113 خاڵی تۆمارکردبوو.
هاوکات دەستەکە، هۆکاری ئەو دابەزینەی بۆ خواردن و خواردنەوە ناکهولییەکان و چێشتخانەکان و پەیوەندییەکان و نیشتجێبوون گەڕاندبووەوە، لە بەرامبەردا نرخی جلوبەرگ و پێداویستییەکانی ناو ماڵ بەرزبوونەوەیان تۆمارکردبوو.