باندێکی گزیکردن لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە هەولێر دەستگیرکرا
باندەکە لە 40 کەس پێکهتاتووە

K24 - هەولێر
باندێکی گزیکردن لە تاقکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە رێگەی بلوتوس و ئامێری بێتەل، لەلایەن پۆلیسی هەولێر دەستگیرکرا.
کوردستان24 لە بەدواداچوونێکیدا ئاشکرای دەکات، پۆلیسی هەولێر باندێکی گزیکردن لە تاقکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەستگیرکردووە، کە ژمارەیان 16 کەس دەبێت و لە رێگەی بلوتوس و ئامێرەکانی بێتەل گزیان لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی کردووە.
ئەندامانی باندەکە بەشێکیان پرسیاری تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12یان دەستکەوتووە و بەشێکی دیکەشیان لە رێگەی ئامارەکانی بلوتوس و بێتەل پرسیارەکانیان بۆ قوتابیانی نێو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە گواستووەتەوە.
نەقیب سامی حوسێن، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی دژەتیرۆری کوردستان، لە ئەنجامی بەدواداچوون و پشکنینی ورد، توانرا چەندین گرووپی گزیکردن لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەستگیر بکرێن.
گوتیشی: "ئەو گرووپانە لە رێگەی جیاوازەوە زانیارییان بە قوتابیانی ناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە داوە، کە لە ماڵەکان ئەنجامدراوە، لە ئەنجامی پشکنینی ماڵ چەندین ئامێری ئەلیکترۆنی و دروستکردنی پێڵاو و ماستەر کارتی ڤی ئای پی ئەو کردارەیان ئەنجامداوە، لە بەرامبەردا بڕێکی زۆر لە پارەیان لە قوتابیان وەرگرتووە، لەناویاندا تاوانبار هەیە حەوت ملیۆن کردەوەی وای کردووە".
ئەو ئەفسەرەی پۆلیسی هەولێر، راشیگەیاند: "زۆر لەو ئامێرانەی بەکارهێنراون لە دەرەوەی هەولێر هێناویانە و بە پارەیەکی زۆر کڕیویانە، لە ئەنجامی پشکنینی ماڵەکانیان دەست بەسەر زۆربەی ئەو ئامێرانەدا گیراوە".
دەشڵێت: "لە شەوی رابردووەوە پرۆسەکەیان دەستپێکردووە و لە ماوەی 16 کاتژمێردا ئەو گرووپانەیان دەستگیرکردووە، زیاتر لە 8 قوتابی لەکاتی تاقیکردنەوەی و جێبەجێکردنی پلانەکەیان دەستگیرکراون".
ئەمڕۆ کاتژمێر 08:00 لە ژووری هەواڵ کوردستان24 وردەکاری زیاتر لەبارەی ئەندامانی باندەکە و چۆنیەتی دەستکەوتنی پرسیارەکان و ئامێرەکانی بێتەل بڵاودەکاتەوە.