زیاتر لە 40 هەزار تۆن گەنمی دیکەی جووتیارانی دهۆک لە سایلۆکان وەردەگیرێت

K24 – دهۆک
دوای ئەوەی ژمارەیەک جووتیاری سنووری پارێزگای دهۆک، رایانگەیاندبوو، کە 40 هەزار تۆن گەنمی ئەوان ماوەتەوە و وەرنەگیراوە، لە رێگەی پارێزگاری دهۆک ئەو گلەییە گەیەندرایە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و دەستەی وەبەرهێنان، بڕیاردرا لەلایەن کەرتی تایبەت و کۆمپانیایەک تەواوی گەنمەکەیان وەربگیرێت.
چەکدار جەمال، پەیامنێری کوردستان24 لە دهۆک رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی دهۆک لەلایەن کۆمپانیایەک دەستیپێکردووە، بۆ ئەوەی ئەو گەنمەی ماوەتەوە وەربگیرێت.
لەوبارەوە وەلید، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی دهۆک بۆ پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بە کوردستان24ی گوت: "بە خۆشحاڵییەوە لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سنووری دهۆک دەستیپێکردووە، بۆ ئەوەی ئەو گەنمەی لەلایەن حکومەتی عێراق لە جووتیاران وەرنەگیراوە، لە رێگەی کۆمپانیایەکەوە بە تەواوی وەردەگیرێت".
روونیکردەوە: "دوای پشکنین گەنمی پلە یەک تۆنی بە 600 هەزار دینار و پلە دوو بە 575 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێت".
نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی دهۆک، ئاماژەی بەوەشکرد: "بڕیار بوو ئەو گەنمەی ماوەتەوە لە هەولێر وەربگیرێت، بەڵام دوای هەوڵەکانی پارێزگاری دهۆک و بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک، وەک ئاسانکاری بۆ جووتیاران بڕیاردرا لە سنووری دهۆک گەنمی جووتیاران وەربگیرێت".
بەهۆی وەرنەگرتنی تەواوی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراق، لە 14ی تەممووزی 2023، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەبارەی کێشەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران پێکهێندراوە و لیژنەکە لەگەڵ بەرپرسانی سایلۆ و لایەنە پەیوەندارەکان کۆبووەوە بۆ پاراستنی مافی جووتیاران، دواتر بڕیاردرا ئەو گەنمەی جووتیاران کە ماوەتەوە، لە رێگەی دوو کۆمپانیای ناوخۆییەوە وەربگیرێت.