وەزارەتی پەروەردە: مامۆستایانی زمانی ئینگلیزی ده‌توانن داوای گواستنه‌وه‌ بۆ سه‌ر میلاكی په‌یمانگه‌ی پیشه‌یی حكومی پێنج ساڵه‌ بكه‌ن

وەزارەتی پەروەردە
وەزارەتی پەروەردە

K24 - هەولێر: 

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ رایده‌گه‌یه‌نێت له‌ چوارچێوه‌ی پلانێكدا پەیمانگەی پیشەیی حکومی (5) ساڵە بەپێی سیستەمێکی تایبەت و بەزمانی ئینگلیزی وەک یەکەم هەنگاو لە پارێزگای هەولێر دەچێتە بواری جێبەجێکردن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش مامۆستایانی پسپۆڕی زمانی ئینگلیزی ده‌توانن بۆ گواستنه‌وه‌ی راژه‌كانیان بۆ سه‌ر میلاكاتی ئه‌و په‌یمانگه‌یه‌ داواكارییه‌كانیان پێشكه‌ش بكه‌ن.

ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 10ـی ئابی 2023) وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، لە چوارچێوەی پلانی وەزارەتدا پەیمانگەی پیشەیی حکومی (5) ساڵە بەپێی سیستەمێکی تایبەت و بەزمانی ئینگلیزی وەک یەکەم هەنگاو لە پارێزگای هەولێر دەچێتە بواری جێبەجێکردن، بۆ ئەم مەبەستە داوا لەو مامۆستایانە دەکات کە پسپۆڕی زمانی ئینگلیزییان هەیە و ئارەزوو دەکەن لەسەر میلاکی ئەو پەیمانگەیە بن داواکارییەکانیان پێشكه‌ش بكه‌ن.

 هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، ئەو مامۆستایانەی دەبنە میلاکی پەیمانگەكه‌، کارەکەیان بریتی دەبێت لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی بەپێی سیستەمێکی دیاریکراو کە بۆ فێربوونی زمانەکە (بەنووسین و قسەکردن) دەبێت لە قۆناغی یەکەمی پەیمانگەدا، هاوكات دەبێت مامۆستاکە دامەزراوبێت یان فەرمانی وانەبێژی هەبێت و بڕوانامەی لە بکالۆریۆس کەمتر نەبێت و دەرچووی بەشی ئینگلیزی بێت، لە بواری وانە وتنەوە لە قوتابخانەکەیدا ئاستی پێشکەوتووی هەبێت لە زمانی ئینگلیزی هەروەها هیچ سزایەکی نەبێت.

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا رایگه‌یاندووه‌، ئەو مامۆستایەی ئارەزوو ده‌كات راژه‌كه‌ی بگوازێته‌وه‌ سه‌ر میلاكاتی په‌یمانگه‌كه‌، پێویسته سی ڤی (CV)ـییه‌كه‌ی لە رێگەی واتسئاپ یان ڤایبەر بە شێوەی  (PDF)  پێشکەش بکات لە رۆژی ڕاگەیاندنی ئەم ئاگادارییە و تەنیا  هه‌شت رۆژ ماوە هەیە بۆ وەرگرتنی  سیڤییەکان  لە رێكکەوتی راگەیاندنەکە.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو، كه‌ سیڤییه‌كان ده‌درێنه‌ لایەنی پسپۆڕ بۆ هەڵسەنگاندنیان لە ڕووی توانای ئاستی زمانی ئینگلیزی، دوای چاوپێکەوتنیان تەنیا دوازدە مامۆستا هەڵدەبژێردرێن. به‌شێوه‌یه‌ك لەم دوازدە مامۆستایە بەپێی تواناو ئاستەکانیان راهێنانیان لەسەر پڕۆگرامی  ساڵی یەکەمی خوێندنی پەیمانگەی پیشەیی بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی پێ دەکرێت، دواتر لەسەر  میلاکی پەیمانگە جێگیر دەکرێن.

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ رایگه‌یاندووه‌، خوازیار ده‌توانێت له‌ رێگه‌ی ئه‌و ژمارانه‌وه‌ (07505103232، 07505106262) په‌یوه‌ندی بكات و زانیاری زیاتر به‌ده‌ستبهێنێت.

Fly Erbil Advertisment