وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن: ئەمڕۆ گەرمترین رۆژی ئەمساڵ بوو

K24 – هەولێر:
بەگوێرەی ئامارەکانی بەشی پێشبینی کەشوهەوا لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ئەمڕۆ هەینی (11ـی ئابی 2023) گەرمترین رۆژی ئەمساڵ بووە تاوەکو ئێستا.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بڵاویکردووەتەوە، لە گەرمیان و هەولێر و کەرکووک بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراوە و تاوەکو ئێستا ئەمساڵ پلەی گەرمی لەو ئاستە تۆمارنەکراوە لە هەرێمی کوردستان.
بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە خانەقین بووە کە گەیشتووەتە 53 پلە و کەرکووک 51 پلە و دوای ئەویش هەر یەکە لە ناوچەکانی مەیدان و دووزخورماتوو و خەبات دێن بە 50 پلەی سەدی.
لە دوای ئەوانیش هەولێر و دەربەندیخان دێن بە 48 پلەی سەدی و ئەوەی تایبەت بێت بە شارە گەورەکانیش پلەی گەرمی تۆمارکراو ئەمڕۆ لە پارێزگای سلێمانی 44 پلە بووە و لە دهۆکیش 45 پلە و لە هەڵەبجە و زاخۆ 46 پلە و کەلار 49 پلەی سەدی بووە.
هاوکات فێنکترین ناوچەی هەرێمی کوردستان کە نزمترین پلەی گەرمی لێ تۆمارکراوە بۆ ئەمڕۆ هەینی (11ـی ئابی 2023)، لە حاجی ئۆمەران بووە بە 35 پلەی سەدی.
بەشی پێشبینی کەشوهەوا لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەشوهەوای سبەى شەممە (12ـی ئابی 2023) رایگەیاندووە، ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێکى سووک و کەمێک پەڵە هەور لە هەندێک کاتدا و پلەى گەرماش بە گشتی کەمێک نزم دەبێتەوە بە رێژەى (1- 2) پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ.
