رۆژی سێشەممە چارەنووسی شێرکۆ کەریم لەگەڵ هەولێر یەکلا دەبێتەوە

یانەی هەولێر لەگەڵ چوار یاریزانی پیشەگەر گەیشتووەتە رێککەوتن و ئەحمەد ئیبراهیمی بەڕێکردووە و لەم هەفتەیەش چارەنووسی شێرکۆ کەریم یەکلا دەبێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، یانەی هەولێر لەگەڵ چوار یاریزانی پیشەگەری گەیشتووەتە رێککەوتن کە بریتین لە بەرگریکارێکی دڵی بەرگری و ناوەڕاستکارێک و هێرشبەرێک و یاریزانێکی باڵەکان، یاریزانە پیشەگەرەکان جەزائیری و توونسین.
هەولێر لەسەر داوای عەباس عوبێدی راهێنەری یانەکە دەستبەرداری ئەحمەد ئیبراهیم دەبێت و راهێنەری یانەکە بڕیاریداوە بۆ وەرزی داهاتوو زیاتر پشت بە عومەر جەنگی و ئاکام هاشم و ئەو بەرگریکارە پیشەگەرە ببەستێت کە پەیوەندیی بە یانەکە دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، شێرکۆ کەریم بە یانەکەی راگەیاندووە ئۆفەری لە یانەی قوە جەوییە پێگەیشتووە و داوای لە یانەی هەولێر کردووە بڕی گرێبەستەکەی بۆ وەرزی داهاتوو بۆ یەکلا بکەنەوە و وابڕیارە تاوەکو رۆژی سێشەممە یانەکەی قەڵاومنارە وەڵامی کۆتایی شێرکۆ جەباری بداتەوە، کە بەگوێرەی زانیارییەکان هەولێر لە یەکەم ئۆفەریدا بە شێرکۆی راگەیاندووە ئامادەیە 250 ملیۆن دینار بەو یاریزانە بدەن.
ئەمڕۆ عەلا مەهاوی یاریزانی قوە جەوییە گەیشتە هەولێر و وابڕیارە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی پایتەختی هەرێمی کوردستان واژۆ بکات و وابڕیارە ئەحمەد حەسەن مەکەنزیش بگەڕێتەوە هەولێر و گرێبەستەکەی لەگەڵ زەردپۆشەکان نوێ دەکاتەوە و هەر لە هەولێر دەمێنێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، رەوا یوسف ناوەڕاستکاری هەولێر لە یانەکانی مینا و تەڵەبە و نەفت ئۆفەری بۆ هاتووە، بەڵام رەوا چاوەڕێی هەولێر دەکات و لەم هەفتەیە بڕیاری کۆتایی خۆی لەبارەی وەرزی داهاتوو دەدات.
عەباس عوبێد دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ هەولێر سەرجەم یاریزانە پیشەگەرەکانی بەڕێکرد و بەگوێرەی ئەو پلانەی دایناوە دەیەوێت چەند گۆڕانکارییەکی کەم لە پێکهاتەکەی بکات بۆ وەرزی نوێ، کە پلەی شەشەمی خولی نایاب و پلەی دووەمی جامی عێراقی بۆ یانەکە بەدەستهێنا.