4 یانه بۆ گواستنه‌وه‌ی مه‌لایه‌كه‌ی دهۆك له كێبڕكێ دان
محه‌مه‌د سه‌عید له یه‌ككاتدا قوتابی كۆلێژی ئه‌ندازیارییه و له پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی یانه‌ی دهۆكیش یاریی ده‌كات

له گۆشه‌ی ئه‌مجاره‌ی "كوردستار" محه‌مه‌د سه‌عید وڵامی پرسیاره‌كانی كوردستان24 ده‌داته‌وه، ئه‌م یاریزانه خه‌ڵكی زاخۆیه، به‌ڵام شه‌ش ساڵه یاریی بۆ یانه‌ی دهۆك ده‌كات، به‌رگریكارێكی كپ و بێده‌نگه، به‌ڵام كاریگه‌ر و له‌سه‌رخۆیه، به‌وپه‌ڕی هێمنی له باڵه‌كانی به‌رگری به‌رپه‌چی هه‌موو هێرشه‌كانی تیپی به‌رامبه‌ر ده‌داته‌وه، ئاستبه‌رزی ئه‌و یاریزانه سه‌ره‌نجی چه‌ندان یانه‌ی گه‌وره‌ی عێراقی راكێشاوه، له‌م هاوینه 4 یانه بۆ گواستنه‌وه‌ی له‌سه‌رهێڵ بوون.
"محه‌مه‌د سه‌عید جیاوازه له هه‌مووان"
محه‌مه‌د سه‌عید له سۆشیاڵ میدیا دووره، كه‌مترین ده‌ركه‌وتنی له میدیاییه‌كان هه‌یه، له یه‌ككاتدا قوتابی كۆلێژی ئه‌ندازیاری به‌شی شارستانییه له زانكۆی دهۆك، له پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی یانه‌ی دهۆكێكیش یاریی ده‌كات.

محه‌مه‌د سه‌عید به‌هۆی پابه‌ندبوونی به ئه‌ركه ئایینییه‌كانی، به مه‌لایه‌كه‌ی یانه‌ی دهۆك ناسراوه، ناچێته هیچ كافتریایه‌ك و گوێ له میوزیك و گۆرانی ناگرێت و باوه‌ڕی به وێنه‌گرتن و ئه‌و شتانه‌ش نییه، ته‌نانه‌ت له كاتی گه‌شته‌كانیان به پاس بۆ یارییه‌كانی ده‌ره‌وه هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی گۆرانی له نێو پاس لێ نه‌درێت، وه‌كو خۆی ده‌ڵێت: ئه‌م شتانه حه‌رامن له ئایینی ئیسلام رێگه پێدراو نین.
به گوته‌ی یاریزانه هاوڕێیه‌كانی، هه‌ر یاریزانێك ره‌فتارێكی هه‌ڵه و نامۆ بكات محه‌مه‌د سه‌عید به‌ره‌نگاری ده‌بێته‌وه و به‌رده‌وام مشتومڕی توند له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كانی ده‌كات و ئامۆژگارییان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له خووی خراپ و ره‌فتاری ناپه‌سه‌ند به‌دوور بگرن.
له كاتی گه‌شتی تیپه‌كه‌ی بۆ یارییه‌كانی خوار و ناوه‌راستی عێراق، محه‌مه‌د سه‌عید زیاتر كاته‌كانی به‌خوێندنه‌وه‌ی قورئانی پیرۆز به‌سه‌ر ده‌بات، ئه‌و به كوردستان24ـی گوت قورئانی پیرۆز ئارامی و هێزێكی زۆری پێده‌به‌خشێت و هه‌ستی باوه‌ڕبه‌خۆبوون له ناخی پته‌وتر ده‌كات.

هه‌میشه شه‌ڕی مووچه‌ی یاریزانه‌كان ده‌كات
محه‌مه‌د سه‌عید له نێو یاریزانه‌كانی یانه‌ی دهۆك به‌وه ناسراوه زۆرترین فشار بۆ سه‌ر ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی دهۆك دروست ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی مووچه و مافی یاریزانه‌كان له كاتی خۆی بدرێت و دوانه‌كه‌وێت.
له‌مباره‌یه‌وه "مه‌لا"ـه‌یه‌كه‌ی دهۆك ده‌ڵێت: پێغه‌مبه‌رمان سه‌لامی خودای له‌سه‌ر بێت ئاگادارمان ده‌كاته‌وه كه پاره و مافی كرێكاره‌كان بده‌ن پێش ئه‌وه‌ی ئاره‌قه‌یان بسڕنه‌وه، منیش له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه زۆر هه‌وڵده‌ده‌م یاریزانه‌كان مافه‌كانیان وه‌ربگرن بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ئاسووده بن و خزمه‌تی زیاتر به یانه‌ی دهۆك بكه‌ن، زۆرجاریش هه‌ستم كردووه و یاریزانه‌كان بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانه‌كانیان له‌سه‌ر ئه‌م پاره‌یه‌یه، بۆیه پێدانی پاره و مووچه‌كانیان یاریزانه‌كان له‌ڕووی ده‌روونی و مه‌عنه‌وییه زۆر باشتر ده‌كات.

بۆچی ناتوانێت بگه‌ڕێته‌وه زاخۆ؟
محه‌مه‌د سه‌عید شه‌ش ساڵ یاریی بۆ تیپی تازه پێگه‌یشتووان و لاوانی زاخۆ كردووه و ته‌نیا یه‌ك وه‌رز بۆ تیپی یه‌كه‌می زاخۆ یاریی كردووه، دواتر روویكردووه‌ته یانه‌ی دهۆك و حه‌وته‌مین وه‌رزه له‌سه‌ریه‌ك یاریی بۆ ئه‌و یانه‌یه ده‌كات، هاوكات رۆڵی كاریگه‌ری هه‌بووه له گه‌ڕانه‌وه‌ی یانه‌ی دهۆك بۆ خولی نایابی عێراق.
محه‌مه‌د سه‌عید له به‌رسیڤێكی كوردستان24 ئاشكرای ده‌كات ناتوانێت له ئێستادا دهۆك جێبهێڵێت و بگه‌ڕێته‌وه زاخۆ، هۆكاره‌كه‌شی به پله‌ی یه‌كه‌م بۆ خوێندنه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه كه ئێستا قوتابی قۆناغی چواره‌می كۆلێژی شارستانییه له زانكۆی دهۆك.
له‌مباره‌یه‌وه محه‌مه‌د سه‌عید ده‌ڵێت: ئه‌م به‌شه‌ی من له كۆلێژ ده‌یخوێنم له زاخۆ نییه، ئه‌وه وایكردووه له دهۆك بمێنمه‌وه، جگه له‌وه‌ش له‌و یانه‌یه هه‌موو كارئاسانییه‌كی زۆرم بۆ كراوه و منیان زۆر خۆشده‌وێت و هه‌ست به سۆز و رێزێكی زۆر ده‌كه‌م، هاوكات هاوڕێیه‌كی زۆریشم له دهۆك هه‌یه، ئه‌مه وایكردوو ته‌مه‌نی مانه‌وه‌م له‌و شاره و له‌و یانه‌یه درێژ بێته‌وه.

دهۆك ده‌توانێت وه‌رزی داهاتوو ململانێی نازناوه‌كه بكات؟
محه‌مه‌د سه‌عید له رێگه‌ی كوردستان24ـه‌وه رایده‌گه‌یه‌نێت كه متمانه‌ی به‌و ده‌سته‌ی كارگێرییه‌ی ئێستای دهۆك هه‌یه كه تیپێكی ركابه‌ر بۆ وه‌رزی داهاتوو دروست بكه‌ن، ده‌شڵێت: به‌ڵام ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ركابه‌ری نازناوی خوله‌كه بكه‌ین، پێویستیمان به پاڵپشتییه‌كی دارایی باش هه‌یه له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك یاریزانی به ئه‌زموون.
محه‌مه‌د سه‌عید گوتیشی: كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی ئێمه هاتووچۆی تیپه‌كه‌یه بۆ یارییه‌كانی خوار و ناوه‌راستی عێراق، چونكه گه‌شته‌كانمان به پاسه، ئه‌مه‌ش یاریزانه‌كانمان تووشی شه‌كه‌ت و هیلاكی ده‌كات، دهۆك و زاخۆ له‌ڕووی جوگرافییه‌وه مه‌ودایه‌كی دووریان له‌گه‌ڵ شوێنه‌كانی دیكه‌دا هه‌یه، بۆیه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێـت ركابه‌ری نازناوه‌كه بكه‌ین ده‌بێت به‌شێك له گه‌شته‌كانمان به فرۆكه بكرێت.
محه‌مه‌د سه‌عید هۆكاری ئه‌نجامه خراپه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی یانه‌كه‌ی بۆ كه‌می یاریزان و پێكان گه‌ڕانده‌وه. ده‌شڵێت: ئه‌گه‌ر به‌شێك له‌م كێشانه‌مان بۆ چاره‌سه‌ر بكرێت متمانه‌م به ده‌سته‌ی كارگێری ئێستای دهۆك هه‌یه بۆ وه‌رزی داهاتوو تیپێكی ركابه‌ر و به‌هێز بۆ ململانێی نازناوه‌كه ئاماده بكه‌ن.

بۆچی هه‌ندێكجار محه‌مه‌د سه‌عید توڕه ده‌بێت؟
محه‌مه‌د سه‌عید كه‌سایه‌تییه‌كی له‌سه‌رخۆ و هێمنی هه‌یه، به‌ڵام زۆرجار له‌وكاته‌ی تیپه‌كه‌ی به ئه‌نجام له دواوه‌یه، هانده‌ران فشار بۆ سه‌ر یاریزانه‌كان دروست ده‌كه‌ن، له‌وكاته‌شدا "مه‌لا"ـه‌یه‌كه‌ی دهۆك توڕه ده‌بێت.
محه‌مه‌د سه‌عید ده‌ڵێت: راسته به به‌رده‌وامی هانده‌رانی دهۆك پاڵپشتی ئێمه‌یان كردووه، هه‌ركاتێكیش تووشی هه‌ڵچوون ببم، به‌هۆی ئه‌وه بووه ئاست و ئه‌نجامه‌كه به دڵی من و تیمه‌كه‌م نه‌بووه، یاریزانه‌كانیش له‌ژێر فشار و پاڵه‌په‌ستوو دا بوونه، داوای لێبوردنیش له هه‌ر هانده‌رێك ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر كاردانه‌وه‌یه‌كی نابه‌جێم به‌رامبه‌ریان كرد بێت، له نێو یاریگه‌ش تا هێز له جه‌سته و ئه‌ژنۆم دا هه‌بوو بێت هه‌وڵم بۆ سه‌ركه‌وتنی دهۆك و دڵخۆشكردنی هانده‌ران داوه.

به 3 یاریزانی كورد سه‌رسامه
محه‌مه‌د سه‌عید له وڵامێكی كوردستان24 ئاشكرای ده‌كات له نێو یاریزانه كورده پیشه‌گه‌ره‌كانی پێشوو، زۆر به هاوار مه‌لامحه‌مه‌د سه‌رسامه، ده‌شڵێت: خالید موشیر و به‌رۆژ جادر كه ئه‌زموونێكی زۆریان له خولی نایابی عێراق هه‌یه، ئاستی به‌رزی ئه‌وان زۆر سه‌رنجیان راكێشام بۆ ئه‌وه‌ی منیش رۆژێكدا بێت له‌و خوله یاریی بكه‌م.
ئه‌م به‌رگریكاره‌ی دهۆك گوتیشی: له ئێستادا له نێو یاریگه هه‌ماهه‌نگی و لێكتێگه‌یشتنێكی زۆرباشم له‌گه‌ڵ رێوان ئه‌مین، زیاد ئه‌حمه‌د و سیابه‌ند عه‌گید هه‌یه، هه‌ركاتێك تۆپ بگاته لای ئه‌وان ده‌زانم چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ تۆپه‌كه ده‌كه‌ن و زۆر شاره‌زای یه‌كترین.
به‌رگریكاره‌كه‌ی دهۆك زیاتر ده‌ڵێت: دوو یاریزانمان هه‌یه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر یارییه‌كه زۆر قورس و سه‌خت بێت، ئه‌وان یارییه‌كه زۆر ئاسان ده‌كه‌ن ئه‌وانیش رێوان ئه‌مین و یانیك زاكیرین، ئاستبه‌رزی ئه‌م دوو یاریزانه جیاوازه له‌گه‌ڵ هه‌موو یاریزانه‌كانی دیكه‌ی عێراق، جووڵه و نماییشی ئه‌و دوو یاریزانه به تۆپ واده‌كات یاریزانه‌كانمان متمانه و باوه‌ڕیی زیاتریان به خۆیان هه‌بێت.

له دوای دهۆك حه‌ز ده‌كات یاریی بۆ كام یانه‌یه بكات؟
محه‌مه‌د سه‌عید كوڕی باژێری زاخۆیه له به‌رسیڤێكی دیكه‌ی كوردستان24 ئاشكرای ده‌كات له دوای یانه‌ی دهۆك حه‌ز ده‌كات یاریی بۆ یانه‌ی زاخۆ یان قوه‌ی جه‌وییه بكات، ده‌شڵێت: به‌ڵام حه‌ز ده‌كه‌م له داهاتوو له یانه‌ی زاخۆ واز له یاریكردن بهێنم، چونكه من هه‌ر له‌و یانه‌یه ده‌ستم به تۆپی پێ كرد و ئه‌گه‌ر ئه‌و یانه‌یه نه‌بووایه من نه‌ده‌بوومه ئه‌و محه‌مه‌د سه‌عیده‌ی ئێستا.
ئه‌م به‌رگریكاره هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد له‌م هاوینه ئۆفه‌ری زۆری بۆ هاتووه، 4 یانه ئاره‌زووی گواستنه‌وه‌ی ده‌كه‌ن، به‌ڵام وه‌كو خۆی ده‌ڵێت: به‌هۆی خوێندنه‌كه‌ی كه له دهۆكه گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌ی دهۆك نوێكردووه‌ته‌وه.
محه‌مه‌د سه‌عید زیاتری گوت: یانه‌كانی زاخۆ، جه‌وییه و ته‌ڵه‌به ئۆفه‌رییان پێشكه‌ش كردووم له‌گه‌ڵ یانه‌یه‌كی دیكه كه نامه‌وێت ناوه‌كه‌ی ئاشكرا بكه‌م، به‌ڵام دهۆك به هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده نییه مافی ده‌ستبه‌رداربوونم بداتێ، ته‌نانه‌ت جه‌وییه تا دواساته‌كانی نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌م بۆ گواستنه‌وه‌م له گفتووگۆدا بوو، خواستێكی گه‌وره‌ی بۆ گواستنه‌وه‌ی من هه‌بوو.

باسی شێركۆ كه‌ریم و 2 یاریزانی زاخۆ ده‌كات
محه‌مه‌د سه‌عیدی به‌رگریكاری دهۆك ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات رووبه‌ڕووی زۆر هێرشبه‌ری به‌هێز بووه‌ته‌وه، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر بڕیار بێت زه‌حمه‌ترین هێرشبه‌ر ده‌ستنیشان بكه‌م كه رووبه‌ڕووی بوومه‌ته‌وه بێگومان یه‌كه‌مین كه‌س ناوی شێركۆ كه‌ریمی هێرشبه‌ری یانه‌ی هه‌ولێر دێنم، چونكه راگرتنی قورس بوو.
له به‌رسیڤێكی دیكه‌ی كوردستان24 محه‌مه‌د سه‌عید رایگه‌یاند به دوو یاریزانی ئێستای یانه‌ی زاخۆ سه‌رسامه ئه‌وانیش ئه‌حمه‌د سه‌بری و سیپان سدیقه.
له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: ئه‌حمه‌د سه‌بری كلیلی به‌شێكی زۆر له سه‌ركه‌وتنه‌كانی یانه‌ی زاخۆ بوو، سیپان سدیقیش ئه‌گه‌رچی ده‌رفه‌تی یاریكردنی وه‌كو پێویست پێنه‌درا، به‌ڵام له كۆتاییه‌كانی خوله‌كه رۆڵی كاریگه‌ری هه‌بوو له تۆماركردنی گۆڵ و فشارخستنه سه‌ر تیپه‌كانی به‌رامبه‌ر.

باشترین راھێنه‌ر ده‌ستنیشان ده‌كات
محه‌مه‌د سه‌عید به‌شێكی زۆری ئه‌زموونی یاریكردنی له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی سلێمان ره‌مه‌زان تێپه‌ڕ كردووه، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: هه‌رگیز ناتوانم وه‌فا و پاڵپشتی ئه‌و راهێنه‌ره له‌بیر بكه‌م، سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی گه‌نجیم له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی سلێمان ره‌مه‌زان بووه، ئه‌و وایكرد من هه‌م خوێندنه‌كه‌م بكه‌م و دانه‌بڕێم هه‌م ببمه ئه‌و محه‌مه‌د سه‌عیده‌ی ئێستا، زۆرجار له كاتی تاقیكردنه‌وه‌كان و خوێندن مۆڵه‌تی پێده‌دام، له‌ڕووی یاریكردنیشه‌وه گرینگییه‌كی زۆری پێده‌دام.
كاریگه‌ری یاریزانێكی بایرن میونشنی له‌سه‌ره
محه‌مه‌د سه‌عید ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كاریگه‌ری ئه‌لفۆنسۆ دێڤیزی به‌رگریكاری كه‌نه‌دی یانه‌ی بایرن میونشنی له‌سه‌ره. له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: زۆر به ئه‌لفۆنسۆ سه‌رسامم، له هه‌مان شوێنی من له هێڵی به‌رگری یاریی ده‌كات، زۆرجار راهێنه‌ر به‌پێی پێویستی یارییه‌كه له هه‌ر شوێنێكی به‌رگری و باڵه‌كان یارییم پێبكات ئاماده‌بووم، به ته‌واوه‌تی پابه‌ندی رێنماییه‌كانی راهێنه‌ر بووم.
