شێرزاد رەشید کاکە: خوێندنی کوردی لە کەرکووک پابەندی بڕیاری جیاکردنەوەی مامۆستای پیاو و ئافرەت نابێت

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک رایگەیاند، خوێندنی کوردی لە کەرکووک بەردەوام لە بەرەوپێشچووندایە و زیاتر لە 100 هەزار قوتابییان هەیە و راشیگەیاند، ئەوان پابەندی ئەو بڕیارە نابن بۆ جیاکردنەوەی مامۆستایانی پیاو و ئافرەت لە قوتابخانەکان.
شێرزاد رەشید کاکە، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، خوێندنی کوردی لە کەرکووک بەردەوام لە فراوانبوون و بەرەوپێشچووندایە و سەرەتا لە 15 قوتابخانەوە دەستپێکرا و ئێستا 535 قوتابخانە و 42 باخچەی منداڵان لە خوێندنی کوردی لە کەرکووک هەیە.
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئاماژەی بەوەشکرد، زۆر پاڵنەری سەرەکی و ئاسانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان وایکردووە کە خێزانە کوردەکانی کەرکووک منداڵەکانیان بنێرنە خوێندنی کوردی لەوانە، هاوکارییەکانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان و ئاسانکارییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ وەرگرتن لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان وایکردووە ئێستا زیاتر لە 100 هەزار قوتابی لە خوێندنی کوردی لە کەرکووک بخوێنن.
زیاتر گوتیشی، دەرچووانی ئامادەیی لە خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەرفتیان هەیە بۆ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و زانکۆکانی عێراقیش داواکاری وەرگرتن پێشکەش و ئەمەش گرنگە بۆ ئەوەی قوتابیانی خوێندنی کوردی بژاردەی باش بۆ خوێندن هەڵبژێرێت بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە.
شێرزاد رەشید کاکە باسی لەوەشکرد، منداڵانی کەرکووکیش وەک منداڵانی هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان تامەزرۆی ئەوەی بە زمانی دایک، بخوێنن و فێری زانستەکان بن بۆیە ئەوانیش هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن بۆ سەرکەوتنی خوێندنی کوردی لە کەرکووک.
هەروەها بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک باسی لە کێشە و بەربەستەکانی بەردەم خوێندنی کوردی لە کەرکووک کرد و رایگەیاند، ئەوان نەیانهێشتووە ئەو بەربەستانە ببێتە هۆی دواکەوتنی خوێندن و راگرتنی خوێندنی کوردی لە شارەکە، هەرچەندە دوای رووداوەکانی 16ــی ئۆکتۆبەر رێگرییان لێدەکرێت لە یادکردنەوەی رۆژی ئاڵای کوردستان و پۆشینی جلی پێشمەرگە.
هاوکات شێرزاد رەشید کاکە گوتیشی بەهۆی ئەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستانەوە ئامادە دەکرێت بەڵام تاقیکردنەوەکانیان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی بەغداوە سەرپەرشتی دەکرێت، زۆرجار کێشە و هەڵە لە پرسیارەکان دروست دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵیداوە لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە و ئەنجامی باشیشی هەبووە.
سەبارەت بە هاوکارییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خوێندنی کوردی لە کەرکووک رایگەیاند، لە ماوەی رابردوو بری زیاتر لە شەش ملیار دینار بۆ پێداویستی خوێندن دابینکراوە و لە رێگەی دەزگای خێرخوازی بارزانیشەوە 20 باڵەخانەی قوتابخانەیان نۆژەنکردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، باسی لەوەشکرد، بەهۆی نەبوونی بودجەیەکی تایبەت بە خوێندنی کوردی لە کەرکووک زۆرێک لە گرفتەکانیان چارەسەرنەکراوە.
شێرزاد رەشید کاکە ئاشکراشیکرد، لەبارەی بڕیاری جیاکردنەوەی مامۆستایانی پیاو و ئافرەت لە قوتابخانەکان، خوێندنی کوردی لە کەرکووک پابەندی ئەو بڕیارەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەرکووک نابێت و لە قۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەیی، بەگوێرەی پێداویستی قوتابخانەکان بڕیار لەسەر دانانی مامۆستایان دەدەن و جیاکاری لەنێوان مامۆستای پیاو و ئافرەت ناکەن.