ئەنجامی راپرسییەک لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاودەکرێتەوە

K24 – هەولێر:
راما ئیجێنسی ئەنجامی راپرسییەکی تایبەت بە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە بەشێکی زۆری خەڵکی هەرێمی کوردستان لەو باوەڕەدان هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراودا ئەنجام دەدرێت.
دکتۆر هەژار بەرێوەبەری راما ئیجێنسی رایگەیاند، لە (2 تا 12ـی ئابی 2023)، فۆڕمی راپرسیان بەشێوەی رووبەڕوو دابەشی سەر 13 شار و شارۆچکەی هەرێمی کوردستان کردووە و پرسیاری ئەوەیان کردووە خەڵک تا چەند پێی وایە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستاندا لە وادەی دیاریکراودا کە 25ـی شوباتی 2024ـە ئەنجام دەدرێت.
بە گوێرەی ئامارەکانی ئەو راپرسییە، لە پارێزگای هەولێر، 72.9% بە بەڵێ وەڵامیانداوەتەوە و لە سلێمانی 56%، لە دهۆک 85% و هەڵەبجە 58.8% پێیان وایە کە هەڵبژاردن لەو وادەیەی بۆی دیاریکراوە ئەنجام دەدرێت.
راپرسییەکەی راما ئیجێنسی ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆی گشتی ئەنجامەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان 69.2%ـی بە بەڵێ وەڵامیان داوەتەوە کە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 25ـی شوباتی 2024 ئەنجام دەدرێت.
رۆژی پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023) سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا، رۆژی (25ـی شوباتی 2024) دیاریکرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی دەکات.
رۆژی (9ـی ئابی 2023) جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاریدا بە راسپاردنی ئیدارەی هەڵبژاردنەکان بۆ ئامادەکردنی خشتەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەو وادەیەی لە مەرسوومی هەرێمیدا دیاریکراوە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدەدرێت کە لە ساڵی 2013 هەموارکراوەتەوە و پەرلەمانی کوردستان لە سەد کورسی گشتی و 11 کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیانەکان پێکهاتووە.
شێوازی هەڵبژاردن بەپێی ئەو یاسایە بە دەنگدانی نهێنی راستەوخۆ بەپێی سیستمی لیستی کراوەی سنووردار ئەنجام دەدرێت و هەر لیستێکی هەڵبژاردنیش نابێت رێژەی ئافرەتان لە کاندیدەکان لە 30% کەمتربێت و تەمەنی رێگەپێدراویش بۆ خۆکاندیدکردن بۆ پەرلەمانی کوردستان 25 ساڵە.
لەبارەی کورسی کۆتاکانیش، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکانی کلدان، سریان، ئاشووری تەرخان دەکرێت و پێنج کورسی بۆ پێکهاتەی تورکمان و یەک کورسی بۆ پێکهاتەی ئەرمەن، کە پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتانە لەسەر کورسی تەرخانکراو کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
هاوکات بانگەشەی هەڵبژاردن دوای رۆژێک لە راگەیاندنی پەسەندکردنی لیستەکان لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە دەستپێدەکات و تا 48 کاتژمێر پێش دەستپێکردنی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییدێت.
ماوەی خولی پەرلەمانی وەک لە یاساکەدا روونکراوەتەوە، چوار ساڵە و لە یەکەم دانیشتنی خولی نوێی هەڵبژێردراو دەستپێدەکات، کە تێیدا ئەندامانی نوێی پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخۆن و لە دوا دانیشتنی خولەکە لە ساڵی چوارەم کۆتاییدێت.