پارێزگاری دهۆک: بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئەو پڕۆژانەی وەستاون تەواو دەکرێن

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک

K24 – هەولێر:

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، رایدەگەیەنێت، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، سەردانی گەڕەکە هەژارنشینەکانی پارێزگای دهۆکی کرد و راستەوخۆ گوێی لە داواکاری خەڵکەکەی گرت و بڕیاریدا بە زووترین کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات، هاوکات گوتیشی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا، "هەمیشە راسپاردەی سەرۆک بارزانییە کە خۆمان لە گەڕەکە هەژارنشینەکان و ئەو گەڕەکانەی کە پێویستیان بە هاوکاری هەیە خۆمان لێ بکەینە خاوەن".

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دوا هەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24، رایگەیاند، کاتێک سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەردانی یەکێک لە خانووەکانی گەڕەکێکی هەژارنشینی دهۆکی کرد، خاوەنی ماڵەکە گوتی: "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژوویە بۆ ئێمە".

هاوکات راشیگەیاند، سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەدا، "هەمیشە راسپاردەی سەرۆک بارزانییە کە خۆمان لە گەڕەکە هەژارنشینەکان و ئەو گەڕەکانەی کە پێویستیان بە هاوکاری هەیە خۆمان لێ بکەینە خاوەن".

باسی لەوەشکرد، ئەم بەرنامەیەمان رێکخستبوو کە سەردانی گەڕەکە هەژارنشینەکان بکەین، دواکاری خەڵکەکەی بەهەند وەربگرین و خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکەکە تەرخان بکەین.

پارێزگاری دهۆک، گوتی: "خۆشبەختانە ژمارەیەک لە خانووی ئەم گەڕەکانە لە کابینەی نۆیەمدا تاپۆ کراوە، تەنیا ژمارەیەکی کەمی ماوە لە خانووەکان کە تاپۆ بکرێن، ئەو خانووانەشی کە تاپۆ ناکرێن و بەر شەقام دەکەون، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەڵێنیدا قەرەبوویان بکاتەوە".

گوتیشی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، "نابێت جیاوازی لە نێوان گەڕەکی هەژارنشین و زەنگیندا بکرێت".

ئەمڕۆ دووشەممە 14/8/2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پارێزگای دهۆکی کرد و لە نزیکەوە گوێی لە داواکارییەکانی خەڵکی کۆمەڵێک گەڕەکی ناو شاری دهۆک گرت.

یەکێک لەو گەڕەکانەی دهۆک کە سەرۆکی حکومەت سەردانی کرد، گەڕەکی ماڵتا بوو، لەگەڵ چین و توێژەکانی گەڕەکی ماڵتا کۆبووەوە و بە خەڵکی گەڕەكەکەی گوت: بە فەرمانی سەرۆک بارزانی هاتووم سەردانتان بکەم، ئەوەی لە تواناماندا بێت وەکو حکومەت لە خزمەت گەڕەکە هەژار نشینەکاندا دەبین".

یەکێک لە داواکارییەکانی گەڕەکی ماڵتا لە دهۆک چاککردنی رێگاوبانی گەڕەکەکەیان بوو، سەرۆکی حکومەت بەڵێنی پێدان کە تەواوی داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێن.

هاووڵاتییەک لە دهۆک لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی حکومەت بە کوردستان24ی گوت: "راستە ئێمە کەموکوڕیمان هەبووە لە رووی خزمەتگوزارییەوە، سەرۆکی حکومەت هاتە بەردەگای ماڵەکەمان و گوێی لێمان گرت، ئێمە هەموو گلەیی و داواکارییەکانمان بە سەرۆکی حکومەت راگەیاند، زۆر سوپاسگوزارین و دڵخۆش بووین بە هاتنی بۆ لامان، دڵنیاین هەموو داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکرێن".

سەرۆکی حکومەت لەو سەردانەیدا بۆ ناو شاری دهۆک لەگەڵ هاووڵاتییانی دانیشتووی گەڕەکەکانی بەڕۆشکێ، رەزا و ماڵتا کۆبووەوە و لە نزیکەوە گوێی لە داواکارییەکانیان گرت. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری دهۆکی راسپارد هەرچی پێویستە بۆ دانیشتووانی گەڕەکەکانی دهۆک بکرێت.

Fly Erbil Advertisment