بێکاری لە چین زیادیکردووە و قوتابیانیش داوای دامەزراندن دەکەن

ژمارەیەک قوتابی زانکۆیەکی چین
ژمارەیەک قوتابی زانکۆیەکی چین

K24 - هەولێر

چین ئەو وڵاتەی خاوەنی دووەم گەورەترین ئابووری جیهانە، لە دوای کۆتایی هاتنی سەردەمی کۆرۆنا، هەوڵیداوە ئابووریەکەی گەشە پێبکات، بەڵام گەشەکردنەکەی بە چەندین کێشە تێدەپەڕێت. هاوکات داتاکانی چین دەریدەخەن، رێژەی بێکاری لە وڵاتەکە زیادیکردووە.

ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو هەناردەی چین بە رێژەی لە سەدا 5 و هاوردەشی لە سەدا 7.6 کەمیکردووە و ئەمەش رەخنە و هۆشداری وڵاتانی رۆژئاوای بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی چاکبوونەوەی ئابووری چین دوای سەردەمی کۆرۆنا پڕۆسەیەکی خاو و بە کێشە دەبێت، بۆ سیاسەتمەدار و میدیاکانی رۆژئاوا دەیسەلمێنن کە رەخنەکانیان هەڵەن.

هاوکات داتاکانی چین دەریدەخەن، رێژەی بێکاری لە وڵاتەکە زیادی کردووە، بەگوێرەی داتاکان، لە حوزەیرانی ئەمساڵ ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 16 بۆ 24 ساڵە، رێژەی بێکاری لەناویان بۆ سەدا 21.3 بەرزبووەتەوە.

لی نۆژون، قوتابییە زانکۆیەکی چین و دەڵێت: "هەموو هاوڕێیانم هاوڕان دوای دەرچوونی زانکۆ بێکار دەبین، ئەمساڵ یەکەم ساڵمە لە زانکۆ و بیرم لە هیچ کارێک نەکردووەتەوە، نیگەرانم کاتێک بیر لە دۆزینەوەی کار دەکەمەوە، لە بەشی دیزاینی ژینگەیی قوتابیم، بەڵام زیرەکی دەستکرد وایکردووە هیوام بە بەشەکەم نەبێت."

لە تەمموزی پار، بێکاری لە چین لە بۆ سەدا 5.2 بووە، ئەمساڵ بۆ سەدا 5.3 بەزربووەتەوە، کە نیشانەی خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری وڵاتەکەیە، بەگوێرەی داتا فەرمییەکان لە چارەگی یەکەم و دووەمی ئەمساڵ، گەشەی ئابووری چین تەنیا 0.8 بووە، یەکێک لە هۆکارەکانی ئاڵۆزییەکانی بەردەم ئابووری چین، کەمبوونەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان وڵاتەکە و وڵاتانی رۆژئاوایە، لە حوزەیران هەناردەی چین بۆ ئەمریکا لە سەدا 23.7 کەمیکردووە و قەبارەکەی 42 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار بووە.

 پسپۆڕان دەڵێن سەرچاوەی کێشە ئابوورییەکانی چین جێگیرکردنی ئەندامانی پارتی شیوعی وڵاتەکەیە لە کۆمپانیاکان و گرنگیدانە بە کۆمپانیا و دامەزراوە حکومییەکان، ئەمەش وایکردووە وەبەرهێنانی بیانی لەخۆی دووربخاتەوە، یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەش سیاسەتی یەک منداڵی چینە، کە وایکرد دوای 61 ساڵ بۆ یەکەمجار لە 2022 ژمارەی دانیشتووانی چین کەم بکات، ئەمەش وادەکات لە دەیەی داهاتوو، چین ساڵانە حەوت ملیۆن دەستی کار بەهۆی هەڵکشانی تەمەن لە دەستبدات.