داوا لە ئیدارەی بایدن دەکرێت روونکردنەوە لەسەر کەشتیی نەوتیە دەستبەسەرکراوەکەی ئێران بدات
K24 - هەولێر
یاسادانەرانی ئەمەریکا لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات، داوایان لە جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و ئیدارەکەی کرد، چارەسەرێک بۆ دابەزاندنی بارێکی نەوتی دەستبەسەرداگیرکراوی ئێرانی لە دەریای تەکساس بدۆزنەوە.
کەشتی سوێز راگان، لە 30ی ئایارەوە لە نزیک گالڤێستۆن کە نزیکەی 80 کیلۆمەتر لە هیوستنەوە دوورە وەستاوە، چونکە کۆمپانیاکانی کەشتیوانی ترسیان لەوە هەیە کڕیارانی نەوت خۆیان لە بەکارهێنانی کەشتییەکانیان لە گەشتەکانی داهاتوودا بەدوور بگرن.
عەلی رەزا تەنگسیری فەرماندەی یەکەی دەریایی لە سوپای پاسدارانی ئێران مانگی رابردوو رایگەیاند، ئێران وەڵامی هەر کۆمپانیایەک دەداتەوە کە نەوتی ئێران لە کەشتییە دەستبەسەرداگیراوەکە دادەبەزێنێت.
جۆنی ئێرنست سیناتۆری کۆمارییەکان و سیناتۆری دیموکراتەکان ڕیچارد بلومێنتال و پەرلەمانتارانی دیکەی ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەران، لە نامەیەکدا بۆ بایدن و بەرپرسانی باڵای ئیدارەی نوێنەران، رایانگەیاندووە، جێبەجێکردنی سزای نەوتی بێمانا دەبێت ئەگەر هاوڵاتیانی ئەمەریکی و کۆمپانیا ئەمریکییە پەیوەندیدارەکان بەردەوام ترسی کاردانەوەی ئێرانییان هەبێت.
ئەو پەرلەمانتارانە لە نامەکەدا دەڵێن: "دەبێت ئیدارەی ئەمەریکا روونی بکاتەوە کە ئێران و رێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکان ناتوانن ڕێگری لە حکومەتەکەمان بکەن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی جێبەجێکردنی سزایی یاسایی".
داواشیان لە ئیدارەی ئەو وڵاتە کرد، کە بەیاننامەیەک لەبارەی کەشتییە نەوتیە دەستبەسەرداگیراوەکەی ئێران لە سوێز راجانەوە بخاتەڕوو.
ناکۆکی لەسەر ئەم کەشتییە لە کاتێکدایە کە واشنتن و تاران بە دوای گەیشتن بە رێککەوتنن بۆ ئازادکردنی پێنج هاووڵاتی ئەمەریکی کە لە بەرامبەر ئازادکردنیاندا دەبێت شەش ملیار دۆلاری ئێرانی لە کۆریای باشوور ئازادبکرێت. رێککەوتنەکە بەربەستێکی گەورەی نێوان واشنتن و تاران تێدەپەڕێنێت.
ئەو بەرپرسانەی ئەمەریکا مەزەندە دەکەن کە بەهای نەوتی ناو کەشتییەکە 56 ملیۆن دۆلار بێت، چونکە 800 هەزار بەرمیل نەوتی تێدایە، هەروەها پارەی دەستبەسەرداگرتنی نەوتی ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە دەخرێتە سندوقێک بۆ قوربانیانی تیرۆریزم کە قەرەبوو بۆ قوربانیانی هێرشەکان دابین دەکات.
بەرپرسێکی سندوقەکە رایگەیاندووە، پارەی پێویست لەبەردەست دانییە بۆ ئەوەی لە ساڵی داهاتوودا پارە بە 16 هەزار ئەمەریکی بدەن.