راوێژکاری ئەڵمانیا: بەدووری دەزانم جارێکی دیکە دۆناڵد ترەمپ ببێتەوە سەرۆکی ئەمەریکا

دۆناڵد ترەمپ
دۆناڵد ترەمپ

K24 - هەولێر

راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، بەدووری دەزانێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا جارێکی دیکە بە سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرێتەوە.

لە میانی بۆنەیەکدا کە رۆژنامەی ناوخۆیی ئۆگسبورگ ئالگمێین بڵاویکردووەتەوە، ئۆلاف شۆڵتز راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاندووە، پێی وایە زۆرتەین ئەگەر ئەوەیە کە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا جارێکی دیکە هەڵبژێردرێتەوە".

گوتیشی: "لە ئێستاوە دەتوانن بیخەنە بەرچاوتان کە ئێمە بە وردی هەموو سیناریۆکان لە هەر بارودۆخێکی نێودەوڵەتی دەکۆڵینەوە".

شوڵتز ستایشی ئەزموونی گەورەی جۆ بایدنی کرد، لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و حوکمدانی دروست، هەروەها ئەو ئامۆژگارییانەی لە راوێژکارەکانی وەردەگرێت.

بە گوتەی راوێژکاری ئەڵمانیا، سەرۆکی ئێستای ئەمەریکاش گەورەترین توانای هەیە بۆ چارەسەرکردنی دووبەرەکی لە کۆمەڵگەی ئەمەریکادا و جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر هەرکەسێک دەرفەتی ئەوەی هەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم دابەشبوونە و چارەسەرکردنی ئەو دووبەرەکییە، ئەوە سەرۆکی دیموکراتەکان بایدنە.