جموجۆڵەکانی ئەمەریکا گرووپە چەکدارەکانی عێراقی نیگەران کردووە
K24 - هەولێر
هەرچەندە کەناڵە جیاوازەکانی واشنتن و بەغدا نەبوونی جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەمەریکایان لە ناوخۆی عێراق پشتڕاستکردەوە، بەڵام هێشتا وێنەی کاروانە سەربازییەکانی ئەمەریکا کە لە شارە جیاوازەکاندا جوڵەیان کردووە لە میدیا ناوخۆییەکانی عێراق بڵاودەکرێنەوە
لە راپۆڕتێکی شەرقولئەوسەت داهاتووە، یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق راگەیێندراوێکدا رایگەیاندووە، "جوڵەکانی ئەمەریکا لە عێراق هیچ کاریگەرییەکی نییە جگە لە سۆشیال میدیا".
بەرپرسێکی حکومی بۆ رۆژنامەکەی پشتڕاست کردەوە، "کە ئەو جموجۆڵانە سنووردارە بە شوێنەکانی دەرەوەی سنوورەکانی عێراق"، ئاماژەی بەوەشکرد "ژمارەیەک گرتە ڤیدیۆیی ئۆتۆمبێلە ئەمەریکییەکان یان مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغەکانی پێشوو یان لە عێراق نین".
بەڵام سێ کەسایەتی عێراقی، لەوانە سەرکردەیەکی کوتلەیەکی چەکداری بە هەمان سەرچاوەی راگەیاندووە، "ئەمەریکییەکان خۆیان لە ناوچەکەدا جێگیر دەکەنەوە وەک ئامادەکارییەک بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی کە لە ناوخۆی عێراق ئەنجام نادرێت".
بەگوێرەی ئەو سێ کەسایەتییە، واشنتن بەنیازە ناوچەی سنووری نێوان عێراق و سووریا پاک بکاتەوە، هەروەها هێرش بۆ سەر ئەو گروپە چەکدارانە بکات کە دڵسۆزن بۆ ئێران".
سەرۆکی گرووپە چەکدارەکەی عێراق گوتیشی: "گروپە چەکدارەکان پێیان وایە ئامانجی ستراتیژیی ئۆپەراسیۆنەکە گۆڕینی رێساکانی بەرکەوتنە لەگەڵ رووسەکان لە سووریا".
ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەوەی ئێستا هەمانە تەنها قسە و باسە، لەسەر بنەمای زانیاری کەم، ئەمەریکییەکان زۆر شت لەگەڵ بەغدا هاوبەش ناکەن سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانیان".
بە گوتەی ئەوان، "ئەمریکییەکان هەوڵی بڕینی رێگای دابینکردنی ئێرانیش دەدەن بەرەو سووریا و لوبنان، لە رێگەی خاکی عێراقەوە ئەمە تەنها شتێکە کە تا ئێستا دەیزانین".
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی پەرلەمان، وەعد قەدۆ، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە، رەنگە دوای نزیکەی 15 رۆژی دیکە هێزەکانی ئەمەریکا لەسەر سنووری سووریا و عێراق جێگیر ببن.
قەدۆ روونیشیکردەوە، سەردانەکەی وەزیری بەرگری عێراق بۆ واشنتن و دیدارەکەی لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمەریکا، پەیوەندی بەو پێشهاتانە هەبووە.
بە شێوەیەکی نائاسایی، ئەو کوتلانەی کە بە هەڵوێستەکانیان دژی بوونی ئەمەریکا ناسراون، سەبارەت بە هەنگاوەکانی ئەمەریکا، باس لەوە دەکەن کە "گروپە چەکدارەکان رێنمایییان وەرگرتووە بۆ ئەوەی خۆیان بگرن و نەکێشرێنە ناو شەڕێکی بێماناوە".
سەرکردەیەک لە "چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەدا گوتی، "سەرکردەکانی گروپە چەکدارەکان لەم دواییانەدا گفتوگۆیان لەسەر هەنگاوەکانی ئەمەریکا کردووە، هەروەها مامەڵەیان لەگەڵ پەیامێکی ئێرانیدا کرد، بەو واتایەی کە ئەوەی ئەمەریکییەکان دەیکەن، هەرچییەک بێت جێگەی نیگەرانی نییە".
بە گوتەی ئەو سەرکردەیە، فەرماندەی سوپای قودس ئیسماعیل قائانی، ماوەی 3 رۆژە لە عێراقە، بەڵام سەردانەکەی سنووردارە بە چالاکی ئایینی لە کەربەلا و بەغدا، هەرچەندە سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە جەنەراڵە ئێرانیەکە بەشداری کۆبوونەوەیەکی کردووە بە تایبەتی بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی ئەمەریکا.
لەو چوارچێوەیەدا، فەرماندەیەکەی ئەمەریکا بە ناوی جەنەڕاڵ ماتیۆ ماکفارلینی لە میانی دیدارێکیدا لەگەڵ کۆمەڵێک رۆژنامەنووس رایگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا پلانیان نییە بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە عێراق، بەڵام ئامادەن وەڵامی هەر هەڕەشەیەک بدەنەوە.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، میلیشیاکانی سەر بە ئێران، خولێکی سەربازی لە چوارچێوەی بنکە سەربازییەکەیان لە رۆژهەڵاتی حەلەب، بەرامبەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات بەڕێوەدەبەن.