ئەردۆغان لەسەر داوای ئیسرائیل زیندانییەک ئازاد دەکات

زیندانییە ئیسرائیلیەکو(دانی ئاکوا)
زیندانییە ئیسرائیلیەکو(دانی ئاکوا)

K24 - هەولێر

نووسینگەی سەرۆککۆماری ئیسرائیل، ئیسحاق هێرزۆگ، رایدەگەیەنێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا وەڵامی داواکەی داوەتەوە بۆ ئازادکردنی زیندانییەکی ئیسرائیلی کە سزای زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، چونکە جۆرە گەڵایەکی لەناو جانتاکەیدا دۆزراوەتەوە.

ئەو زیندانییە ناوی "دانی ئاکوا"یە هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی بەڕەچەڵەک ئەسیوپییە، تەمەنی 35 ساڵە لە سەرەتای 2019، لەگەڵ گەیشتن بە ئیستانبوڵ دەستگیرکراوە، هەروەها لە ناو جانتاکەیدا دەست بەسەر 34 گرام گەڵای ئەلقات داگیراوە، کە بە ژەهرێکی ماددەی هۆشبەر لە تورکیا و ئەوروپا هەژماردەکرێت.

 ئاکوا، تۆمەتبار کرابوو بەوەی کە بەشداری لە باندێکی ئیسرائیلی کردووە کە بە شێوازی جۆراوجۆری قاچاخی ئەلقات بۆ وڵاتانی جۆربەجۆری رۆژئاوا هەناردە دەکەن، بۆیە سزای 10 ساڵ زیندانیکردن و غەرامەکردنی 20 هەزار لیرەی تورکی بەسەردا سەپێندرا، کە ئێستا سێ ساڵە لە زیندانە و لەو ماوەیەدا سکاڵای لەسەر سووکایەتیکردن لەلایەن زیندانیانی سووری و ئێرانی لەناو زیندانەکەدا هەبووە.

دواتر ئەو زیندانییە ئیسرائیلیە لە سەردەمی کۆرۆنادا ئازاد کرا، کاتێک دەسەڵاتدارانی تورکیا بڕیاری کەمکردنەوەی ژمارەی زیندانییەکانیان دا بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، بەڵام مەرجی ئەوەی دانابوو کە تا کۆتایی سزاکەی لە زیندانی ماڵەوە لە تورکیا بمێنێتەوە.

هێرزۆک رووی لە ئەردۆغان کرد و داوای ئازادکردنی ئاکوای کرد، جەختی لەوەشکردەوە، کە ئەو هاووڵاتییەکی ئاشتیخوازە و لە سوپای ئیسرائیل دەرچووە و هیچ پێشینەیەکی تاوانکاری نییە، هەروەها پێیوابوو بێتاوانە، چونکە وای زانیووە بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ئەلقات لە تورکیا یاساییە، وەک ئەوەی لە ئیسرائیلدا هەیە، کە بە شێوەیەکی گشتی و یاسایی دەچێنرێت و دەفرۆشرێت.

بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکی ئیسرائیل، "دەسەڵاتدارانی تورکیا جگە لە ئاماژە مرۆییەکانی پێشوو، وەک ئاماژەیەکی نیازپاکی وەڵامی داواکارییەکەی هێرزۆکی دایەوە".

تۆڕێکی ئیسرائیلی هەیە کە کار لەسەر بەبازاڕکردنی ئەلقات لە وڵاتانی رۆژئاوا دەکەن، ئەمەش زۆر جار کێشەی دیپلۆماسی لێدەکەوێتەوە، لە ئیسرائیل بەتەواوی یاساییە کە ئەو کارە بکرێت، چونکە یاسای ناوخۆیی هیچ سنوورێک بۆ بەکارهێنانی ئەو جۆرە گەڵایە دانانێت، بەڵام وڵاتانی ئەوروپا قەدەغەی دەکەن و رووبەرووی دەبنەوە،  بە ماددەی هۆشبەر و ژەهراوی دەزانن.