شەڕی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا دوو شاری گەورەی سوودانی گرتەوە

شەڕی سوودان
شەڕی سوودان

K24 - هەولێر

شەڕی سوودان تادێت زیاتر فراوان دەبێت، شەڕەکە گەیشتە دوو شاری گەورە سوودان ئەوانیش بریتین لە ئەلفاشر پایتەختی ویلایەتی دارفۆری باکوور و ئەلفولە پایتەختی ویلایەتی کۆردۆفانی رۆژئاوا، کە هاوسنوورە لەگەڵ دارفور.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی سوودان لە 15ی نیسان، لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، ناوچەی دارفور لەگەڵ خەرتومی پایتەخت، خراپترین کردەی توندوتیژی بەخۆیەوە بینیوە، شەوی پێنجشەممە شەڕ لە شاری ئەلفاشر دەستیپێکردەوە و کۆتایی بە هێوربوونەوەیەکی دوو مانگەی لە شارە چڕ و پڕ دانیشتووەکەدا هێنا، کە پەناگەیەک بووە بۆیان لە بۆردومان و تاڵانکردن و دەستدرێژی و لەسێدارەدان، کە لە ناوچەکانی دیکەی دارفۆر دەبینرا.

ئەلفاشر بووەتە ناوەندێک بۆ هاووڵاتیان و ئاوارەکانی دارفۆر، لە چەند مانگی رابردوودا 600 هەزار کەس پەنایان بۆ ئەلفاشر بردووە، هەروەها شایەتحاڵەکان باسیان لە شەڕ و پێکدادانەکان لە ئەلفولە کردووە، کە لە ئێستاوە ململانێکان بەرەو باکووری کۆردۆفان تەشەنەی کردووە، کە ناوەندێکی بازرگانی و گواستنەوەیە لە نێوان خەرتوم و بەشێک لە باشوور و رۆژئاوای سوودان.

مستەفا جەمیل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی دارفۆر بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند، دۆخی مرۆیی لە شارەکانی جنێن و نیالا خراپە و ژێرخان و بازاڕ و دوکانەکان تاڕادەیەکی زۆر وێران بوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، کاریگەرییەکانی شەڕەکە هەموو ناوچەکەی گرتووەتەوە و ئاوارەبووەکان گەیشتوونەتە ناوچە ئارامەکان و کاردانەوەی مرۆیی لێکەوتووەتەوە.

ناوچەی دارفۆر لە پێنج ویلایەت پێکدێت و ناوەندی حکومەتەکەی لەلایەن مینی ئارکۆ میناوی سەرۆکی بزووتنەوەی رزگاریخوازی سوودان لە شاری ئەلفاشر لە ویلایەتی دارفۆری باکوور سەرپەرشتی دەکرێت.