قایمقامی قەزای ئامێدی: 197 پڕۆژەی ستراتیژی و مامناوەند لە قەزاکەمان جێبەجێکراون

K24 – هەولێر:
وارشین سەلمان، قائیمقامی قەزای ئامێدی راگەیاند، لەدوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە 197 پرۆژەی ستراتیژی و مامناوەند بۆ قەزای ئامێدی جێبەجێکراون یاخود لەبواری جێبەجێکردندان.
وارشین سەلمان، قائیمقامی قەزای ئامێدی، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵیداوە خزمەتگوزاری بگەیەنێتە هەموو ناوچەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی، هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی دامەزارندنی چەندین فەرمانگەی نوێ لە قەزای ئامێدی کارئاسانی زیاتری بۆ هاووڵاتییانی دەڤەرەکە کردووە، بۆ ئەوەی بۆ لەمەودوا بۆ راییکردنی کارەکانیان سەردانی پارێزگای دهۆک نەکەن و هەر لە شوێنەکەی خۆیان کارەکانیان رایی بکەن.
قائیمقامی قەزای ئامێدی، راشیگەیاند، لەدوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە 197 پرۆژەی ستراتیژی و مامناوەند بۆ قەزای ئامێدی جێبەجێکراون یاخود لەبواری جێبەجێکردندان.
وارشین سەلمان، ئەوەشی خستەڕوو، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەم حکومەت بۆ خزمەتکردنی فراوانی قەزای ئامێدی هەبوونی چەکدارانی پەکەکەیە، چونکە بەهۆی هەبوونی مەترسی پەکەکە نەتوانراوە خزمەتگوزاری بۆ 195 گوندی سنوورەکە دابینبکرێت.