محەممەد شوکری: کار دەکەین بۆ ئەوەی هیچ کەرەستەیەکی بیناسازی لە دەرەوە هاوردە نەکەین

K24 - هەولێر
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زۆرینەی ئەو کەرەستانەی لە بواری بیناسازیدا لە هەرێمی کوردستان بەکاردەهێندرێن؛ لە کارگە نێوخۆییەکان بەرهەمدەهێندرێن و کاردەکەن بۆ ئەوەی هیچ کەرستەیەکی بیناسازی لە دەرەوە هاوردە نەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی ئابی 2023، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە رێوەڕەسمی کردنەوەی چوارەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی خانووبەرە لە هەولێر رایگەیاند: "وەبەرهێنانی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا و لە سەرەتای دروستبوونی دەستەی وەبەرهێنان تاوەکو ئەمڕۆ، پێشکەوتنێکی زۆر باشی بەخۆیەوە بینیوە. گۆڕانکاریی بەرچاو لە سێکتەری وەبەرهێنانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دیارە و سیمای شارەکان گۆڕاوە".
بە گوتەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، بەرەوپێشچوونی سێکتەری نیشتەجێبوون لەنێو پڕۆسەی وەبەرهێنان، "یارمەتیدەر بووە بۆ بەرەوەپێشبردن و گۆڕانکاریکردن لە چەند سێکتەری دیکەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان" و دەڵێت، "ئەمڕۆ ئێمە وەکو هەڕێمی کوردستان لە زۆر ڕووەوە دەتوانین پشت بە خۆمانەوە ببەستین، بەتایبەت لە بوای بیناسازیدا".
لەبارەی بەرهەمهێنانی شیشیش؛ محەممەد شوکری ئەوەی خستەڕوو، "ئێستا ئێمە لە هەرێمی کوردستان چەندین کارگەی بەرهەمێنانی شیشمان هەیە، پێداویستی ناوخۆ پڕدەکەنەوە و دەتوانین بە کواڵێتیی زۆر باش هەناردەی عێراق و وڵاتانی ناوچەکەش بکەین. لە بواری چیمەنتۆشدا بەهەمان شێوە چەندین کارگەمان هەن و دەتوانین ئەویش بە کواڵێتییەکی زۆر باش هەناردە بکەین".
وەکو ئەوەی محەممەد شوکری باسی کرد، زۆربەی ئەو کەرەستانەی لە بواری بیناسازیدا لە هەرێمی کوردستان بەکاردەهێندرێن؛ لە کارگە نێوخۆییەکان بەرهەمدەهێندرێن و کار لەسەر دروستکردنی زیاتری کارگەکان دەکەن، بۆ ئەوەی هیچ کەرستەیەکی بیناسازی لە دەرەوە هاوردە نەکرێت.
بە گوتەی محەممەد شوکری، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا؛ بە سەرپەرشتیی و چاودێریی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گۆڕانکاریی زۆر لە بواری بیناسازی، بەتایبەت لە چاودێری کاری پڕۆژەکانی وەبەرهێان و کواڵێتیی کارەکانیان کراوە. دەشڵێت، "یەکێک لە گرنگترین بڕیارەکان، زیادکردنی رووبەڕی سەوزایی بووە لە نێو یەکەکانی نیشتەجێبوون".
پێشانگەی چوارەمی نێودەوڵەتی خانووبەرە لە هەولێر بەیانی ئەمڕۆ کرایەوە و بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت. 250 کۆمپانیا لە 15 وڵاتی جیاواز تێیدا بەشدارن و سەرووی 120 پڕۆژەی خانووبەرە لە پێشانگەکەدا بۆ هاووڵاتی و بازرگانان دەخرێنەڕوو. ژمارەی کۆمپانیاکان بە بەراورد لەگەڵ دوو خولی پێشووی پێشانگەی هەولێر بۆ خانووبەرە، 50٪ زیادی کردووە.
لە ساڵی 2006ـەوە لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 17 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە کەرتی نیشتەجێبووندا کراوە. هەروەها زیاتر لە هەزار پڕۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان وەرگرتووە کە نزیکەی 250یان پڕۆژەی نیشتەجێبوون بوون.