دەزگای نێودەوڵەتیی ئێزدی دژی جینۆساید داوا لە حکومەتی عێراق دەکات ئازادی ئایین بپارێزێت

لۆگۆی دەزگای نێودەوڵەتیی ئێزدی دژی جینۆساید
لۆگۆی دەزگای نێودەوڵەتیی ئێزدی دژی جینۆساید

K24 - هەولێر

دەزگای نێودەوڵەتیی ئێزدی دژی جینۆساید لە رۆژی جیهانیی یادکردنەوەی قوربانیانی کردەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای ئایین یان بیروڕا، داوا لە حکومەتی عێراق دەکات ئازادی ئایین بپارێزێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی ئابی 2023، دەزگای نێودەوڵەتیی ئێزدی دژی جینۆساید، لە راگەیەندراوێکدا بە بۆنەی رۆژی جیهانی یادکردنەوەی قوربانیانی کردەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای ئایین یان بیروڕا، داوای لە حکومەتی عێراق کرد پەرە بە ئازادی ئایین و بیروڕا بدات، بیپارێزێت و، گوێ لە داواکارییەکانی کەسوکارییەکانیان بگرێت.

دەزگای نێودەوڵەتیی ئێزدی دژی جینۆساید داواش لە حکومەتی عێراق دەکات قەرەبووی کەسوکاری قوربانییەکان بکاتەوە و لێپێچینەوە لەگەڵ ئەنجامدەرانی کردەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای ئایین یان بیروڕای جیاواز بکات.

دەزگاکە جەخت لەوە دەکاتەوە، "ئازادی ئایین و بیروباوەڕ مافێکی مرۆڤی بێبەشنەکراوە، بەتایبەتی کە ئەمساڵ، 42 ساڵ بەسەر جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و جیاکاری لەسەر بنەمای ئایین یان بیروباوەڕ تێدەپەڕێت، بۆیە پێمان وایە کە دەبێت بەرەنگاری هەموو جۆرە فۆرمێکی ڕەگەزپەرستی و چەواشەکردنی ئایین یان بیروباوەڕ ببینەوە".

 

راگەیەندراوەکەی دەزگای نێودەوڵەتی ئێزدی دژی جینۆساید
راگەیەندراوەکەی دەزگای نێودەوڵەتیی ئێزدی دژی جینۆساید

 

Fly Erbil Advertisment