زۆرترین هەناردەی مۆبیلیات و کاغەزی تورکیا لەمساڵدا بۆ عێراق بووە

K24 - هەولێر
بەپێی ڕاگەیەندراوی یەکێتیی هەناردەکارانی مۆبیلیات، کاغەز و بەرهەمەکانی دارستانی ئیستانبوڵ، هەناردەی تورکیا لە مانگی تەمووزدا بە بەراورد بە هەمان قۆناغی ساڵی ڕابردوو سەدا 8.4 زیادیکردووە و گەیشتووەتە 20 ملیار دۆلار.
ئامانجی هەناردەی ئەمساڵ لە کەرتی مۆبیلیار، کاغەز و بەرهەمەکانی دارستان کە بە 10 ملیار دۆلار دیاریکراوە، لە مەنگی تەمووزدا بەبڕی 609 ملیۆن دۆلار فرۆشی دەرەکی ئەنجام دراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە هەناردەی کەرتەکە لە کانوونی دووەم-تەمووزی ئەمساڵ بەرزبووەتەوە بۆ 4.58 ملیار دۆلار.
مۆبیلیات کە یەکێکە لەو بەرهەمانەی پایەکی گرنگیی هەیە لە کەرتەکەدا، هەناردەکەی لە مانگی تەمووزدا 343 ملیۆن دۆلار بووە، تێکڕای هەناردەی حەوت مانگیشی 2.61 ملیار دۆلار بووە.
لە حەوت مانگی ئەمساڵدا، بەرزترین هەناردە لە بەرهەمەکانی مۆبیلیات و کاغەز و بەرهەمەکانی دارستان بۆ عێراق کراوە کە بڕەکەی 577.6 ملیۆن دۆلار بووە، پاشان ئیسرائیل کە بڕەکەی 238.6 ملیۆن دۆلارە، بەریتانیا کە بڕەکەی 229 ملیۆن دۆلارە، ئەڵمانیا بە بڕی 196.3 ملیۆن دۆلار و ئێران بەبڕی 171.2 ملیۆن دۆلار.
لەو ماوەیەدا، هەناردەی مۆبیلیات بۆ ڕووسیا سەدا 55.3 زیادیکردووە و گەیشتووەتە 131.5 ملیۆن دۆلار.
بە گوتەی ئەرکان ئۆزکان، سەرۆکی یەکێتیی هەناردەکارانی بەرهەمەکانی مۆبیلیات، کاغەز و بەرهەمەکانی دارستانی ئیستانبوڵ کە لێدوانەکانی لە ڕاگەیەندراوەکەدا خراوەتەڕوو، دوای هەڵبژاردنەکان و خێرابوونی وەبەرهێنان لە کەرتەکەدا ڕێگاکانی بەردەم کەرتەکە زیاتر کراوەتەوە.
ئۆزکان باسی لەوە کرد وەرزی هاوین کە بۆ کەرتەکانی دیکە وەرزێکی هێواشە لە هەناردەدا، بۆ ئەمان باشترە و، گوتی: ''لە کاتێکدا لەم قۆناغەدا ڕێژەی هەناردەمان زیادی کردووە، لەلایەکی دیکە ستراتیجی نوێی هەناردە دیاری دەکەین و ئامانجمان ئەوەیە ژمارەی پێوانەیی لە ئامەنجە کورت مەودا و مامناوەندەکاندا تۆمار بکەین. بۆ ئەم مەبەستەش ستراتیجی وڵاتانی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامیمان زیاد کرد بۆ ستراتیجی وڵاتە دوورەکان کە پار ساڵ لەلایەن وەزارەتی بازرگانیمانەوە دەستی پێ کرد و ڕێڕەوی هەناردەمان فراوانتر کرد''.