وەزارەتی کارەبا: تائێستا کارەبای 55 هەزار هاوبەش کراوەتە پریپەید
"بەهۆیەوە 320 موەلیدە وەستێنراون"

K24 – هەولێر
لەپێناو دابینکردنی کارەبایەکی بەردەوام و نەهێشتنی دەنگی موەلیدە و پاککردنەوەی ژینگە، سیستەمی پریپەیدی کارەبای 24 کاتژمێری، قۆناغ بە قۆناغ کەوتووەتە کار.
لە هەرێمی کوردستان کارەبای 55 هەزار هاوبەش کراونەتە پریپەید، کە 40 هەزاریان هاوبەشی بەرزەنرخن (های کۆست)، پێنج هەزاریان هاوبەشی نزمەنرخن (لۆوکۆست)، 10 هەزاریشیان هاوبەشی بازرگانیین. ئەم سیستەمە تەنیا لە 19 (سیتیی) شاری هەولێر، بارقورسیی کارەبای لە 34 مێگاواتەوە بۆ 27 مێگاوات دابەزاندووە، لە 25 هەزار بەشداربوو، حەوت هەزار سەرپێچی کارەبا بنبڕ کراون. بە هۆی کارەبای 24 کاتژمێری پریپەیدەوە، لە تەواوی هەرێمی کوردستان 320 موەلیدە لە کارکردن وەستێنراون، ئەمەش کاریگەریی لەسەر پاککردنەوەی ژینگە هەبووە.
عەلی ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەى باڵای پێوەرى زیرەک، لەبارەى نرخی پریپەیدەوە رایگەیاند: "لە هەولێر شیکردنەوەمان بۆ 19 پرۆژەى کارەبا کردووە، تێیدا 25 هەزار هاوبەش وەکو نموونە وەرگیراون، مانگی 6ى 2022، کە کارەبای نیشتمانی و موەلیدە لەو پڕۆژانە هەبووە، بە مانگی 6ى 2023 بەراورد کرا، کە سیستەمەکەیان کراوەتە پریپەید، دەرکەوت %30ی بۆ %40ی نرخ لەسەر هاووڵاتییان هەرزانتر دەکەوێت، چونکە یەک سەرچاوەى کارەبایە. بۆیە ئەمە لە رووی بڕی کارەبا و نرخیشەوە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانە."
لەبارەى نرخی کارەبا لە ناوچە و گەڕەکە مامناوەند و داهات نزمەکان، گوتی: "بەرزەنرخ تایبەتە بە چەند پرۆژەیەک، لە وەبەرهێنانەوە بۆمان دەستنیشان کراوە و کارەبایان بە نرخێکی تایبەتی خۆیان بەردەوام دەبێت، بەڵام لە گەڕەکە ئاساییەکان هەر بە نرخی کۆن دەبێت. لە پرۆسەى پریپەیدمێنت بەپێی بارودۆخی ئابووریی ناوچەکان، نرخەکانیان جیاواز دەبن. بۆیە نرخەکان لە گەڕەکە ئاساییەکان هەمان نرخی پێشووى کارەبا دەبێت، تەنیا شێوەى پارەدانەکە دەگۆڕێت، لە نزیک ماڵەوە کارتی کارەبا دەکڕێت و بەكار دەهێنرێت."
کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەى سیستەمی پریپەیدەوە، دەیەوێت وردە وردە کێشەى کارەبا کۆتایی پێ بهێنێت و کارەباى بەردەوام و رێکخراو لە ژینگەیەکی پاکدا بۆ هەموو ناوچە و دەڤەرە جیاوازەکانی کوردستان دابین بکات، لەم رووەوەش قۆناغەکانی پرۆسەکە بەردەوامییان دەبێت.
سەرچاوە: فەرمانگەی میدیا و زانیاری