وەزارەتی پلاندانانی عێراق: رێژەی نەخوێندەواری سەدا 12ـی تێپەڕاندووە 

ژمارەیەک قوتابی لە عێراق
ژمارەیەک قوتابی لە عێراق

K24 - هەولێر

بە گوێرەی ئامارێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، زیاتر لە شەش ملیۆن کەس لەو وڵاتە بەدەست نەخوێندەوارییەوە دەناڵێنن. نەتەوەیەکگرتووەکان و شارەزایان ئامارەکانی حکومەت بە بچووککردنەوەی کێشەی نەخوێندەواری دادەنێن و دەڵێن، رێژەکە زۆر لەوە زیاترە کە راگەیەندراوە.  

رۆژی چوارشەممە 23ـی ئابی 2023، عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق نوێترین ئاماری رێژەی نەخوێندەواری لە عێراق راگەیاند. بەگوێرەی ئامارەکە، رێژەی نەخوێندەواری لەو وڵاتە سەدا 12.3ـە و زیاتر لە شەش ملیۆن کەس بەدەست نەخوێندەوارییەوە دەناڵینن کە زۆرینەیان لە رەگەزی مێینەن.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، پارێزگای موسەنا لە باشووری عێراق پێشەنگی شارەکانی لە رووی زۆری رێژەی نەخوێندەوارییەوە گرتووە. ئەم ئامارە لە کاتێکدایە، رێژەی نەخوێندەواری لە ساڵی 2021 سەدا 12 بووە، بەڵام لە ئەم ساڵ رێژەکە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووتەوە.

ئامارەکەی وەزارەتی پلاندانان ئەوەشی دەرخستووە، رێژەی هەرە زۆری نەخوێندەواران لە رەگەزی مێن، چونکە وەک دەرکەوتووە رێژەی نەخوێندەواری رەگەزی مێ سەدا 28 و رەگەزی نێریش سەدا 13ـیە.

زۆرینەی ئەو شارانەی نەخوێندەواریان تێدایە، کەوتوونەتە باشوور و ناوەڕاستی عێراق و پارێزگای موسەنا بە رێژەی سەدا 22 پێشەنگی ریزبەندی بەرزترین رێژەی نەخوێندەواری گرتووە.

هاوکات، شارەزایانی پەروەردەیی دەڵێن، ئامارەکانی حکومەتی عێراق بچووکردنەوەی کێشەی نەخوێندەوارین و رێژەکە زۆر لەوە زیاترە کە ئامارەکانی حکومەت باسی دەکەن.

سەندیکای مامۆستایانی عێراق ئاشکرایکردووە، کۆتایی ساڵی 2022 نەتەوەیەکگرتووەکان حکومەتی عێراقی لە هەبوونی 11 ملیۆن نەخوێندەوار ئاگادار کردووەتەوە. هەر بۆیە شارەزایان دەڵێن، رێژەی راستەقینەی نەخوێندەواری لە عێراق لە نێوان سەدا 18 بۆ سەدا 22یە و بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.

ئاماری رێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانیش ئەوە دەردەخەن، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی رێژەی نەخوێندەواری تێدا بەرزدەبێتەوە رێژەکە لە سەدا 20 کەمتر نییە و وەزارەتی پلاندانانی عێراقیش پلانێکی نیشتیمانی بۆ کۆتاییهێنان بە نەخوێندەواری لە ساڵی 2023 راگەیاندووە.


ئامادەکردن: عەبدولکەریم شاکر

Fly Erbil Advertisment