فیلمی گوڵەکان ناگەشێنەوە نمایشکرا

K24 – هەولێر:

ناوەندی گاڤ بۆ کاری تەلەفزیۆنیی و سینەمایی کوردی لە هەردوو شاری سلێمانی و هەڵەبجە فیلمی "گوڵەکان ناگەشێنەوە"ـیان نمایش کرد.

فیلمەکە لە سلێمانی لە ساڵیادی کارەساتی ئەنفالی بارزانییەکاندا بە ئامادەبوونی بینەرێکی زۆر لە سینەمای سالم نمایش کرا.

 پاشان لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجەی شەهید لە پارێزگای هەڵەبجە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە نمایشکرا .

لە ئایندەشدا لە چەمچەماڵ و دەربەندیخان و کەلار و هەولێری پایتەخت بەپێی پرۆگرامێکی تایبەت، کە ناوەندی گاڤ دایدەڕێژێت، نمایش دەکرێت.

ئەم فیلمە بەرھەمی ھاوبەشی ناوەندی گاڤ بۆ بەرھەمھێنانی کاری تەلەفزیۆنیی و سینەمایی کوردی لە سلێمانی و بە ھاوکاری وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی ھەرێمی کوردستان.

لوقمان غەریب سیناریست و دەرھێنەری فیلمەکە لەمبارەیەوە بۆ کوردستان24 گوتی، لە مانگی دیسەمبەری ساڵی 2019ـەوە سەرقاڵی دروستکردنی ئەم فیلمەین.

فیلمەکە لەجۆری فیلمی درێژی درامیە و ماوەکەی 90 خولەکە، چیرۆک و رووداوەکانی ئاوێتەن لە نێوان دوو مێژووی جیاوازدا، کە بۆ ھەردوو ساڵی 1988 و 2012 دەگەڕێتەوە، تێیدا باس لە ئاسەواری مەرگەسات و ئازار و ئەندێشەی دوو خانەوادەی پاشماوەی ھەردوو کارەساتی ئەنفال و کیمیابارانی ھەڵەبجە دەکات.

سیناریۆی فیلمە بە تێگەیشتن و جۆرێکی جیاواز مەسەلەی کارەساتی ئەنفال و کیمیاباران بەرجەستە دەکات و چیرۆک و بابەتێکی نوێ دەگێڕێتەوە، دیارە ئەو کارەساتانە ھەڵگری سەدان چیرۆکی مەرگەساتبار و تراژیدین، کە ھێشتا بەداخەوە ھیچ کام لە بوارەکانی کولتووریی سینەما و چیرۆک و رۆمانی کوردی بە باشی خۆیان لەقەرەی نەداوە.

فیلمی "گوڵەکان ناگەشێنەوە" بە بەشداری ھونەرمەندانی خاوەن ئەزموون عەلی کەریم، بەھادین ھەڵەبجەیی، تەھا داراغایی، جەمیل ئەحمەد و ھەریەک لە ھونەرمەندانی ناسراو ئاواز رەحیم، عومەر عەبدوڵڵا، حەسەن حەمەساڵح، ئاراز عەبدولرەحمان و  شاناز جەمال و سازگار و ھونەرمەندای لاو و ئەستێرەی ئایندە، لاوە بێستون، شێما ڕێبوار و شیراز جەلال و دەستەیەک ھونەرمەندی دیکەیە.

بینراوەکانی فیلمی "گوڵەکان ناگەشێنەوە" لە شارەکانی ھەڵەبجە و دەربەندیخان و ئاوایی ڕێژنە و دێوانەی دەڤەری گەرمیان تۆمار کراوە.

ئەم فیلمە لەلایەن ستاڤێکی لاوی کوردەوە کاری تەنیک و پرۆداکشنی بۆ ئەنجامدراوە، کامێرا و DOP - بەھمەن سەلاح، یاریدەدەری دەرھێنەر -نڤار لوقمان ، مێکاپ ئارتێست - لارا خەبات، سکرێپ و کلاکێت - شایۆ یاسین، درۆن و فلای کام - ھاوڕێ بەختیار، بەڕێوەبەری بەرھەم - کەمال چالاک، محەممەد شوان، مۆنتاژ و مێکساژ - دیار خەسرەو، ترایلەر و پۆستەر - نڤار لوقمان، پرۆدێسەر - لوقمان غەریب.

هەروەها دەرهێنەر ئاماژەی بەوەش کرد، کە پاش نمایشەکان فیلمەکە بۆ سەرجەم تەلەڤزیۆنەکان دەنێردرێت تا لە یادەکانی کیمیاباران و ئەنفالدا پەخشی بکەن.