وەزیری پەروەردە: نووسراو بۆ دامەزراندنی وانەبێژان رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە

K24 - هەولێر
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، وەزارەتی دارایی نووسراوی فەرمی بۆ دامەزراندنی سەرجەم وانەبێژانی هەرێمی کوردستان بە شێوەی گرێبەست رەوانەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی ئابی 2023، د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند: "وەزارەتی دارایی و ئابووری نووسراوی فەرمی رەوانەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ دامەزراندنی سەرجەم وانەبێژانی هەرێمی کوردستان بە شێوەی گرێبەست".
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا، "بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024 هیچ وانەبێژێکی نوێ دانانرێت و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانمان بە نووسراوی فەرمی لەوبارەوە ئاگادارکردوونەتەوە".
لەبارەی ئەوەی ئەگەر لە قوتابخانەیەک کێشەی کەمی وانەبێژ هەبوو، چۆن چارەسەری ئەو کێشەیە دەکرێت، د. ئالان حەمە سەعید گوتی: "بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە ئەو کێشەیە چارەسەر دەکەن".
نزیکەی 35 هەزار و 550 وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان هەن. مانگانه 13 ملیار و 200 دینار وەکو شایستەی دارایی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆیان تەرخانکراوە. مووچەی ئەو وانەبێژانەی بڕوانامەی بەکالۆرۆیسیان هەیە، 400 هەزار دینارە و و ئەوانەی بڕوانامەی دبلۆمیشیان هەیە، 350 هەزار دینارە.
وەزارەتی دارایی لە نووسراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بە دامەزراندنی سەرجەم وانەبێژانی هەرێمی کوردستان، مانگانە چوار ملیار و 255 ملیۆن دینار بۆ سەر شایستە داراییەکانیان زیاد دەبێت.
نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی وەڵامی نووسراوی ژمارە 2500ـی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانە کە لە رۆژی 27ـی شوباتی 2023 کردوویەتی. وەزیری دارایی لە نووسراوەکەدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە دوا کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری پەروەردە، کۆنووسی لیژنەی هاوبەشمان پەسەندکرد، هەردوو وەزارەت پێشنیاز دەکەین بکرێن بە گرێبەست هەروەکو لە کۆنووسەکەدا هاتووە."
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی دووشەممە 21ـی ئابی 2023، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵنامەی هەردوو وەرزی خوێندنی (2023-2024)ـی بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ساڵنامەکە، یەکەم رۆژی دەوام بۆ ساڵی خوێندنی (2023-2024)، رۆژی 13ـی ئەیلوولی 2023 دەبێت و هەفتەی یەکەمیش تایبەت دەبێت بە ئامادەکاری و رێنوێنی بۆ دەستپێکی خوێندن.
هاوکات ساڵنامەکەی خوێندن لەسەر بنەمای بڕیارێکی پێشووی وەزارەتی پەروەردە داڕێژراوە کە رۆژانی شەممە لە ناوەندەکانی خوێندن کراوەتە پشوو و لە هەفتەیەکدا پێنج رۆژ وانە دەخوێندرێت و یەکەم هەفتەی خوێندنی وەرزی یەکەم لە (17ـی ئەیلوولی 2023) دەستپێدەکات و تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزەکەش لە (3 تا 15ـی کانوونی دووەمی 2024) بەڕێوەدەچێت.