فیلمی ژان گەیشتە فیناڵی فێستیڤاڵی تێساڵۆنیکی یۆنان

K24 - هەولێر:

کورته فیلمی "ژان"، كه‌ لە دەرهێنانی بورهان ئەحمەد و لەیلا باغ پیرا و بەرهەمهێنانی ماهیر حەسەنە، لە دوایین بەشداری فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان لە وڵاتی یۆنان گەیشتە قۆناغی کۆتایی و لە چاوەڕوانی بردنەوەی خەڵاتی باشترین فیلمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی تێساڵۆنیکە، هەروەها چاوی بڕیووەته بردنەوەی خەڵاتەکانی دیکەی وەک باشترین ئەکتەر و سیناریۆ و دەرهێنان.

چیرۆکی فیلمەکە تراژیدییە و باس لە گرفتێکی کۆمەڵایەتی دەکات، کە ژیانی خانەوادەیەک بەهۆی سەختییه‌كانه‌وه‌ پڕە لە ئازار و ئەشکەنجە و نەهامەتی و بە دوای خۆشبەختی دەگەڕێن و ناگەن بە ئامانجەکانیان.

ئەم فیلمە لە نواندنی هەریەک لە ماهیر حەسەن و شەیما مەلایی و ئەڤشین خدر و مائد فەزلییە.

ماهیر حەسەن بۆ کوردستان24 دەڵێت: فیلمی ژان، یەکێکە لەو فیلمە تراژیدیانەی کە بەبینینی دیمەنەکانی دەتبات بۆ نێو قوڵایی بەرهەمەکە و چیرۆکێکی کۆمەڵایەتیی جوانە و گەشتێکە بە نێو راستییەکانی ژیان و دیالۆگەکانی ناو فیلمەکە فرمێسکی گەرمی لێت دەوێت.

گوتیشی: دوای بەشداربوون لەم فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیەی یۆناندا، راستەوخۆ لە سینەما و شاشه‌کانی کوردستان دەست دەکەین بە نمایشکردن.

7
67
56