تایبەت بە کوردستان24؛ قوە جەوییە دەیەوێت بۆ چامپیۆنزلیگی ئاسیا یارییەکانی لە هەولێرەوە بگوازێتەوە بەسرە

چامپیۆنزلیگی ئاسیا و قوە جەوییە
چامپیۆنزلیگی ئاسیا و قوە جەوییە

یانەی قوە جەوییە پەشیمان بووەتەوە لەوەی یارییەکانی لە هەولێر بکات، دەیەوێت یارییەکانی لە هەولێرەوە بگوازێتەوە بەسرە بەڵام تاوەکو ئێستا فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا رازی نەبووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، چەند رۆژێکە یانەی قوە جەوییە لە هەوڵدایە یارییەکانی لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا لە هەولێرەوە بگوازێتەوە بەسرە، یانەکەی بەغدا بە نووسراوی فەرمی داوای لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا کردووە، لەجیاتی ئەوەی لە یاریگای فڕەنسۆ هەریری لە هەولێر یارییەکانی بکات، یارییەکانی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا بۆ یاریگای نێودەوڵەتی بەسرە بگوازێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، یانەی قوە جەوییە لە نووسراوەکەیدا سێ بیانووی بۆ گۆڕینی یاریگاکەی هێناوەتەوە، نەبوونی سیستەمی ڤار و نەبوونی جێگا و بۆشایی پێویست بۆ دانانی کامێراکانی سیستەمی ڤار لەناو یاریگاکە، کەمی ژمارەی کورسییەکانی یاریگای فڕەنسۆ هەریری کە شوێنی 20 هەزار هاندەری لێ دەبێتەوە و نەبوونی یاریگای شیاو بۆ مەشق و راهێنانەکان ئەو سێ هۆکارەن کە یانەی قوە جەوییە کردوویەتییە بیانوو بۆ گواستنەوەی یارییەکانی لە هەولێرەوە بۆ بەسرە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، هێشتا فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا وەڵامی یانەی قوە جەوییەی نەداوەتەوە، چونکە یاریگای نێودەوڵەتی بەسرە کە شوێنی نزیکەی 65 هەزار هاندەری لێ دەبێتەوە، یانەکانی عەهدی لوبنانی و کارەبای عێراقی بۆ جامی یەکێتیی ئاسیا ئەو یاریگایەیان بە یاریگای خۆیان هەڵبژاردووە و بەگوێرەی یاساش نابێت لە دوو یانەی زیاتر لە یاریگایەک یاریی بکەن.

قوە جەوییە پێش راکێشانی تیروپشکی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا بە نووسراوی فەرمی داوای لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا کرد یارییەکانی لە یاریگای فڕەنسۆ هەریری لە هەولێر بکات، کە لە کۆمەڵەی سێیەمدا هاوشانی ئیتیحادی سعوودی و سێپاهانی ئێرانی و ئەجمەکی ئۆزباکی یاریی دەکات.

Fly Erbil Advertisment