تورکیا و عێراق پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانیان دەدەن

K24 – هەولێر:
عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانی تورکیا گەیشتە بەغدا بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات کۆببێتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە (28ـی ئابی 2023) عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانی تورکیا بە یاوەری شاندێکی بازرگانی گەیشتە بەغدا و لەلایەن محەمەد عەلی تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق پێشوازی لێکرا و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆببێتەوە و بەهێزترکردنی پەیوەندیيە بازرگانی و ئابوورییەکان لە نێوان عێراق و تورکیا تاوتوێ دەکات و کاریش بۆ بەهێزکردنی رۆڵی کۆمپانیا تورکییەکان لە عێراق دەکات.
بە گوێرەی ئامارەکانی تورکیا ساڵی رابردوو هەناردەی تورکیا بۆ عێراق بە بەراورد بە ساڵی 2021، 24% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 13،7 ملیار دۆلار. هەمان ساڵ هاوردە لە عێراقەوە بۆ تورکیا 24% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 10،4 ملیار دۆلار، واتە قەبارەی بازرگانیی لە ساڵی رابردوودا لە نێوان تورکیا و عێراق زیاتر لە 24 ملیار دۆلار بووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی سێشەممە (22ـی ئابی 2023) هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراقی کرد و لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغدا پێشوازی لێکرا و دوای کۆبوونەوەی نێوانیشیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسیان لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانیان کرد. سەرەتا فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ بەغدا دەربڕی و ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر چەندین جار بە سیفەتی جیاواز سەردانی عێراقی کردووە بەڵام ئەمجارە وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراقی کردووە.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە و هەردوولا هاوڕابوون لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان و باسی لەوەشکرد، هەندێک جار کۆسپ بۆ پەیوەندییەکانیان دروست دەبێت بەڵام ئەوەیان دووپاتکردووەتەوە کە بە گفتوگۆ کێشەکان و ئەو کۆسپانە چارەسەربکەن.