لە کەرکووک تەقە لە خۆپیشاندەرانی کورد دەکرێت

K24 – هەولێر:

لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی هاووڵاتییانی کوردی شاری کەرکووک کە داوای کردنەوەی رێگەی کەرکووک-هەولێر دەکەن، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقە بە ئاراستەی خۆپیشاندەران کرا.

پەیامنێری کوردستان24 لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، دوای ئەوەی خۆپیشاندەرانی کورد لە گەڕەکی رەحیماوە بەرەو رووی باڵەخانەی داگیرکراوی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک کە ئێستا بووەتە بارەگای فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکووک، کە ماوەی پێنج رۆژە گرووپێک لە حەشدی شەعبی بە پشتیوانی ئیدارەی خۆسەپێنی شارەکە و لایەنە عەرەبی و تورکمانییە شۆڤێنییەکان، خێوەتیان هەڵداوە، هێزێکی ئەمنی تەقەی بە ئاراستەی خۆپیشاندەران دەکەن.

بەشێک لە خۆپیشاندەران بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستانەوە داوای کردنەوەی رێگەی کەرکووک-هەولێر کۆتاییپێهێنانی مانگرتنی ئەو گرووپە دەکەن کە بووەتە هۆی راگرتنی هاتووچۆ و کارکردنی هاووڵاتییان.

بەگوێرەی ئەو دیمەنەی لە خۆپیشاندانەکەوە راستەوخۆ لە کوردستان24ـەوە دەگواسترێتەوە، ئاگرێکی گەورە  لە شوێنی رووداوەکە بەرزبووەتەوە و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەکش سووتێنداوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لەبارەی زیانەکان هیچ زانیارییەک ئاشکرانەکراوە.

دوای ئەوەی رۆژی (28ـی ئابی 2023)، لایەنگرانی حەشدی شەعبی دژی رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، رێگای کەرکووک - هەولێریان داخست و بوونەهۆی دروستکردنی ئاستەنگی بۆ شۆفێران و هاووڵاتییان، هەروەها هه‌ردوو رێگه‌ی چوون و هاتنی نێوان هه‌ولێر و كه‌ركووكیان داخستوو ‌و خێوه‌تیان هه‌ڵدا و ئاسته‌نگیان بۆ هاتووچۆی شۆفێرانیش دروستكرد، لەبەرامبەردا ئەمڕۆ شەممە (2ـی ئەیلوولی 2023)، هاووڵاتییانی کورد بە تایبەت دانیشتووی گەڕەکەکانی شۆراو و رەحیماوە لە کەرکووک، خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە داوای کرانەوەی رێگەکە دەکەن.

له‌ 16ـی ئۆكته‌ری ساڵی 2017، هێزێكی كوردی به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی، شاری كه‌ركووكی راده‌ست كرده‌وه‌، له‌وكاته‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ته‌واوی باره‌گاكانی له‌و شاره‌ چۆڵكرد و به‌ شارێكی داگیركراوی وه‌سفكرد، ئێستاش دوای پێكهێنانی حكومه‌ته‌كه‌ی سوودانی و رێككه‌وتنی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت، پارتی دەیەوێت بارەگاکانی خۆی بە فەرمی لە كه‌ركووك بکاتەوە.