پەیامنێری کوردستان24: هێزە ئەمنییەکان بە هەڕەمەکی تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن

K24 – کەرکووک:
خۆپیشان لە کەرکووک بەردەوامە و هێزە ئەمنییەکان بە بەکارهێنانی هێز لە هەوڵی کۆتاییهێنان و بڵاوپێکردنی خۆپیشاندەرانە و بەشێوەیەکی هەڕەمەکیش تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن.
دوای ئەوەی رۆژی شەممە (2ـی ئەیلوولی 2023) هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای کردنەوەی رێگەی کەرکووک-هەولێریان کرد کە ماوەی پێنج رۆژە لەلایەن گرووپێک لە حەشدی شەعبی بە پشتیوانی ئیدارەی خۆسەپێنی شارەکە و لایەنە عەرەبی و تورکمانییە شۆڤێنییەکان داخراوە.
لە درێژەی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان بە ئاراستەی خۆپیشاندەران کرد و بەپێی دوایین ئامارەکان دوو شەهید و شەش بریندار لە ریزی خۆپیشاندەرانی کورد بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان و مانگرتووانی سەر بە حەشدی شەعبی هەن.
دوای ئەوەش بە فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، قەدەغەی هاتووچۆ لە شاری کەرکووک راگەیەندرا و لە راگەیەندراوێکدا وەک فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەسەڵاتی بە هێزە ئەمنییەکان داوە کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان بهێنن، کە ئەمەش خۆپیشاندەرانی کەرکووکی زیاتر توڕە کردووە بە لایەنگری بۆ لایەنەکانی دژ بە کورد لە کەرکووکی وەسفدەکەن.