محه‌ممه‌د حاجی مه‌حموود: خه‌ڵكی كه‌ركووك و ناوچه دابڕاوه‌كان سته‌می زۆریان لێده‌كرێت
K24 - هه‌ولێر:
له‌باره‌ی رووداوه‌كانی دوێنێ شه‌وی شاری كه‌ركووك، سه‌رۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، چوار شه‌هیده‌كه‌ی دوێنێ شه‌وی شاری كه‌ركووك، شه‌هید و سه‌ره‌ڕمی پاراستنی كوردستانن، نه یه‌كه‌م شه‌هید بوونه و نه دوا شه‌هیدیش ده‌بن. گوتیشی: "خه‌ڵكی كه‌ركووك و ناوچه دابڕاوه‌كان سته‌می زۆریان لێده‌كرێت".
محه‌ممه‌د حاجی مه‌حموود، سه‌رۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان به باسی رۆژی كوردستان24ـی راگه‌یاند، ناحه‌قییه‌كی زۆر به خه‌ڵكی كوردستان ده‌كرێت، كاتێك رێگه‌ی كه‌ركووك به رووی كه‌ركووكییه‌كاندا داده‌خرێت.
محه‌ممه‌د حاجی مه‌حموود هه‌روه‌ها گوتی: به فه‌رمانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق محه‌ممه‌د شیاع سوودانی ئه‌و توندوتیژییه به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌رانی كوردی كه‌ركووك، ئه‌نجامدرا.
هه‌روه‌ها گوتی: "هه‌فته‌یه‌كه رێگه‌ی كه‌ركووك - هه‌ولێر داخرا، بۆچی سه‌رۆكوه‌زیران راگه‌یه‌ندراوی له دژی ئه‌وان بڵاونه‌كرده‌وه، بۆچی كه كورد خۆپیشاندان ده‌كات، سه‌رۆكوه‌زیران راگه‌یه‌ندراو بڵاوده‌كاته‌وه و به ئاژه‌وه‌چی ناویان ده‌بات و فه‌رمان ده‌كات به توندترین شێوه یاسایان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ بكرێت".
باسی له‌وه‌شكرد، خه‌ڵكی كه‌ركووك و ناوچه دابڕاوه‌كان سته‌می زۆریان لێده‌كرێت، پیلان هه‌یه كورد له‌و ناوچانه بسڕنه‌وه.
دووپاتیشیكرده‌وه، كورد له ئێستادا زه‌لیلی ژێرده‌ستی حكومه‌تی عێراقه، ئه‌وه‌ی له كه‌ركووك كرا، هاواری بێده‌نگی و بێ كه‌سی كه‌ركووكییه‌كان بوو.
له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا، محه‌ممه‌دی حاجی مه‌حموود روونیكرده‌وه، له 16ـی ئۆكتۆبه‌ر ئه‌مه‌ریكییه‌كان له سه‌ربازگه‌ی كه‌یوان بوون، له دووره‌وه چاودێریان ده‌كرد، ده‌ستوه‌ردانیان نه‌كرد، ئه‌وان له‌گه‌ڵ دۆزی كورد نیین و به‌رژه‌وه‌ندییان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقه.
جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه، كورد كارتی كشانه‌وه‌ی له‌به‌رده‌سته، ئه‌وه‌ی له كه‌ركووك روویدا، پرسیاری ئه‌وه‌مان لێده‌كات، بۆچی ئێمه له به‌غدا بین، ئه‌گه‌ر كورد بكشێته‌وه، حكومه‌ته‌كه‌ی سوودانی ده‌ڕوخێت.
گوتیشی: "به‌غدا یاری به عه‌قڵی كورد ده‌كات، هه‌موو شت راده‌ستی به‌غدا بكه‌ین، به سنوورهكانیشهوه، به‌غدا لێمان خۆش نابێت".
له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان، محه‌ممه‌د حاجی مه‌حموود گوتی: "به‌غدا ترسی له‌وه هه‌یه كورد كورسی زۆر به‌ده‌ست بهێنێت".
دوای ئەوەی بۆ ماوەی پێنج رۆژ لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی و بەشێک لە عەرەب و تورکمانەکان رێگەی سەرەکی هەولێر داخرا و ئاستەنگ بۆ هاووڵاتیانی کەرکووک دروستکرا و سوکایەتی بە ئاڵا و هێماکانی هەرێمی کوردستان کرا، دانیشتوانی ناوچە کوردنشینەکانی کەرکووک لەرێگەی خۆپیشاندانی هێمنانەوە داوای کردنەوەی رێگەی هەولێر - کەرکووک و پاراستنی شکۆی کوردستانیان کرد و لەئەنجامدا ھێزە ئەمنییەكاندا ته‌قه‌یان له خۆپیشاندانه‌كان كرد چوار كه‌س شەھید بوون و 14 كه‌سیش برینداربوون.