نرخی دەفتەری گومرگ و سیگۆرتە بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەچنە تورکیا دیاریکرا

K24 – هەولێر:
دوای ناڕازیبوونی هاووڵاتییان لەسەر گرانکردنی نرخی دەفتەری گۆمرک و سیگۆرتەی ئۆتۆمبێل بۆ ئەو گەشتیارانەی بە ئۆتۆمبێلی خۆیان سەردانی تورکیا دەکەن، بڕیاردرا گۆڕانکاری لە نرخی نوێدا بکرێت.
رۆژی یەکشەممە (3ـی ئەیلوولی 2023)، هێڤیدار ئەحمەد، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە، بڕیاربوو نرخی دەفتەری گومرگ بۆ ئەو هاووڵاتییانەی سەردانی تورکیا دەکەن بەرزبکرێتەوە بۆ 450 هەزار دینار، بەڵام لەسەر داواکاری ئەو هاووڵاتییانەی هەرێمی کوردستان کە سەردانی تورکیا دەکەن و بژێوی ژیانیان لە سەر ئەو رێگایەیە، بە بڕیاری لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نرخەکان وەک پێشتر دەمێننەوە.
هێڤیدار ئەحمەد ئاماژەی بەوەکردووە، دەفتەری گومرگ بۆ ئۆتۆمبێل بچووک 120 هەزار و بۆ ئۆتۆمبیلی شەش پستۆن 140 هەزار دینار دەبێت کە بڕیاربوو نرخەکە بۆ 450 هەزار دینار زیادبکرێت.
لەبارەی نرخی دەفتەری سیگۆرتەش، هێڤیدار ئەحمەد رایگەیاندووە، بۆ ساڵێک نرخەکەی دەبێتە 300 هەزار دینار، کە بڕیاربوو بکرێتە 305 دۆلار، بۆ ماوەی سێ مانگیش دەبێتە 100 هەزار دینار کە بڕیاربوو بکرێتە 152 دۆلار، هەروەها بۆ مانگێکیش تەنیا بە 45 هەزار دینار دەبێت.
ئەو هاووڵاتییانەی هەرێمی کوردستان کە بە ئۆتۆمبێلی خۆیان دەچنە تورکیا، دەبێت دەفتەری گومرگیان هەبێت و دەفتەری سیگۆرتەش بۆ تورکیایە وەک پێویستییەکی گەشتکردن لە رێگەی دەروازە سنوورییەکان بە ئۆتۆمبێلی کەسی.
هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و گەشتیارانی عێراق لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئیبراهیم خەلیل و زێتەوە هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی لەگەڵ وڵاتی تورکیا ئەنجامدەدەن و بۆ ئەو مەبەستەش حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری تەواوی لە هەموو بوارەکاندا بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامداوە.