پرۆسەی پێشکەشکردن بۆ زانکۆ و پەیمانگەکان دەستپێدەکات

K24 - هەولێر:
پڕۆسهی پێشکەشکردن بۆ وهرگرتنی دهرچووانی دوانزهی ئامادهیی له زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەستپێدەکات و لە رۆژی سێشەممە (5ـی ئەیلوولی 2023) کاتژمێر 8ـى بەیانى، زانكۆلاین بۆ ماوەى هەشت رۆژ بۆ دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى کارا دەکرێت.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند، "لە رۆژی سێشەممە (5ـی ئەیلوولی 2023) وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی)، تا رۆژى 12ـی ئەیلولی 2023، واتە بۆ ماوەى هەشت ڕۆژ کارا دەبێت، بهوهش دهرچوان لەو ماوەیەدا دهتوانن فۆرمی وهرگرتن له زانكۆ و پهیمانگهكان پڕبكهنهوە و پێشكهشی بكهن، ههروهك دهرچووان دهبێت سەردانی خوێندنگەکانی خۆیان بکەن بە مەبەستی وەرگرتنەوەی ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (Username)و (Password).
بۆ بهرچاوڕوونی زیاترى دهرچووانی پۆلی دوانزه و ئاشنابوونیان به سیستمهكانی وهرگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران) دەتوانن سەردانی وێبسایتى (www.regayzanko.com) بکەن و ڕێبەرى وەرگرتن بە وردى بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان، هەروەها دەتوانن سەردانى مەڵبەندەکانى ڕاوێژکارى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنى ڕونكردنهوهی پێویست لهسهر چۆنیهتیی پڕكردنهوهی فۆرمی وهرگرتن به سیستمه جیاوازهكانیەوە، ئهمهش دهرهفهتێكی گرنگه بۆ ئهوهی دەرچووان بهر لهوهی فۆرمی وهرگرتن پێشكهش بكهن، ئاگاداری وردهكارییهكانی سیستمهكه بن و هەوڵ بدەن خودى خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمى نین و تەنها بۆ دەستکەوتنى بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچووان پڕ دەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نابێت لەهەر هەڵەیەک لەکاتى پڕکردنەوەى فۆڕمەکانیان.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیدەگەیەنێت، وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ریزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچووان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە رەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار/ قوتابى، بۆیە پێویستە بە وردی ڕیزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزو دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن، هەروەها پێویستیشە دەرچوانى پۆلى دوانزە لەگەڵ کاراکردنی زانکۆلاین دەست بکەن بە پێشکەشکردن و کارەکانیان دوا نەخەن بۆ کۆتا ڕۆژەکانی زانکۆلاین.
سەبارەت بە دەرچووانی ئامادەیى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکرای دەکات: دواى دوو ڕۆژى تر سیستمى زانکۆلاین بۆ دەرچووانى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان کارا دەبێت، هاوکات وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕایدەگەیەنێت دەرچووانى ساڵانى (2015) تا (2022) ئەگەر نیازی فۆرم پێشکەش کردنیان هەیە بۆ سیستەمەکانی خوێندنی پارالێل و ئێواران ئەوا بە هەمان ئەو پاسۆرد و یوزەرنەیمانەى کە پێشتر وەریان گرتوە دەتوانن فۆرم پێشکەش بکەن، ئەگەر هەر دەرچووەکیش یوزەرنەیم و پاسوۆردی لەلا نەماوە ئەوا دەتوانێت سەردانی خوێندنگەکەی خۆی بکات بەمەبەستی دوبارە وەرگرتنەوەی.
سەبارەت بە دەرچووانی پێش ساڵی 2015 ئەگەر نیازی فۆرم پێشکەش کردنیان هەیە بۆ خوێندنی ئێواران ئەوا پێویستە بڕوانامەکانییان بە پەسەندکراوی لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاکانییان بنێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزمونەکان لە وەزارەتی پەروەردە و هەر لەوێش یوزەرنەیم و پاسوۆردیان پێ دەدرێت.