ئەو دوو هاووڵاتییەی هەرێمی کوردستان کە لە سعوودیە دەستگیرکرابوون ئازاد کران

ئاڵای کوردستان و سعوودیە
ئاڵای کوردستان و سعوودیە

K24 - هەولێر:

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، توانرا دوو هاوڵاتی هەرێمى کوردستان ئازادبکرێن کە لە سعوودیە دەستگیرکرا بوون.

لە راگەیەندراوێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەدا هاتووە: رۆژى سێشەممە رێکەوتی 5ی ئەیلولی 2023 لە دوای هەوڵى بەردەوامی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ حکومەتی شانشینی سعوودیە، توانرا هەردوو هاوڵاتی هەرێمى کوردستان (سەباح محەممەد موسا) و (سالار کەریم عەزیز) ئازاد بکرێن و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هەولێر بە کەسوکاریان شادبوونەوە.

ئاماژە بەوەشدراوە، ئەو دوو هاووڵاتییە لە رێکەوتی 12ـی 8ـی 2023 لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی شانشینی سعوودیە لە شاری (تائف) دەستگیرکرابوون.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی روونیکردەوە، ئەم دوو هاووڵاتییە بە مەبەستی بینینی یاری تۆپی پێی نێوان دوو یانەی ئەو وڵاتە سەردانی شاری (تائف) یان کردووە و هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەدابوو تاوەکو شایانی سزادان و زیندانی کردن بن، ئەوەی روویداوە تەنها نەشارەزایی بووە بە هەندێک رێسای ئەو وڵاتە.

فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی باڵیۆزخانەی عیراق لە سعوودیە و کونسوڵگەری گشتی لە (جەدە) دەکات لە بەرانبەر هاوکاری و هەماهەنگیان لە دۆسیەی ئازادکردنی ئەو دوو هاووڵاتیە، هاوکات بەخێرهاتنەوەی هەردوو هاوڵاتی دەکات بۆ ناو کەسوکاریان.