کوردستان24 خەڵاتی نێودەوڵەتیی دەستپێشخەریی ئازادیی میدیای پێبەخشرا
لە رێوڕەسمێکی شایستەدا لە شاری واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا، تۆڕی سەرکردایەتیی ترانسئەتڵانتیک (TLN) لە چوارچێوەی شەشەمین کۆنفرانسی ساڵانەی "دەستپێشخەریی ئازادیی میدیا" بۆ ساڵی 2026، خەڵاتی نایابی بۆ رووماڵی نێودەوڵەتی (Excellence in International Reporting) بەخشییە دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 و رەحیم رەشیدی، بەرپرسی نووسینگەی واشنتنی کەناڵەکە، لە پای رووماڵە بێوێنە و مەیدانییەکانی لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعشدا.
تۆڕی سەرکردایەتیی ترانسئەتڵانتیک کە ماوەی شەش ساڵە لە رێگەی دەستپێشخەریی ئازادیی میدیاوە، رێز لەو دەزگا و رۆژنامەنووسانە دەنێت کە بە شێوەیەکی پیشەییانە، هاوسەنگ و بوێرانە راستییەکان دەگەیەنن؛ ئەمساڵ خەڵاتی باڵای رووماڵی نێودەوڵەتیی بەخشییە کوردستان24 و رەحیم رەشیدی. هاوکات لە هەمان رێوڕەسمدا، چەندین کەسایەتیی دیاری دیکەی میدیای جیهانی خەڵات کران؛ لەوانە کریس رەدی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای میدیایی "نیوزماکس" و خاتوو کەیتی باڵز، رۆژنامەنووسی ناسراوی بەریتانی.
کوردستان24 لە سەنگەرەکانی پێشەوەی شەڕی داعش؛ هاواری حەقیقەت لە گڕی شەڕدا
بەخشینی ئەم خەڵاتە نێودەوڵەتییە لە کاتێکدایە کە کوردستان24 هەر لە یەکەم رۆژەکانی دەستپێکردنی پەخشی لە 31ی ئۆکتۆبەری 2015دا کە هاوکات بوو لەگەڵ هەستیارترین قۆناخی بەرگریی گەلی کوردستان لە بەرامبەر دڕندەترین گرووپی تیرۆریستیی سەردەم (داعش) بووە دەنگ و رەنگی بەرەکانی جەنگ.
تیمەکانی کوردستان24 بێ گوێدانە مەترسییەکانی مەرگ، لە سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرگریدا لە سنوورەکانی شنگال، باشیک، میحوەری خازر، کەرکووک، مەخموور و ئۆپەراسیۆنی مێژوویی ئازادکردنی مووسڵ، هاوشانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هاوپەیمانان لەژێر بارانی گوللە و هێرشە خۆکوژییەکاندا بوون.
کامێراکانی کوردستان24 لە کاتێکدا قارەمانێتی و قوربانیدانی پێشمەرگەیان بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی تۆمار دەکرد، بەهۆی ئەم بوێری و پیشەییبوونەشەوە، راپۆرت و دیمەنە زیندووەکانی کوردستان24 لەو قۆناخەدا بوونە سەرچاوەی سەرەکی و باوەڕپێکراوی گەورەترین ئاژانس و کەناڵە هەواڵییەکانی جیهان لەوانە رۆیتەرز، فرانس پرێس، سی ئێن ئێن و بی بی سی بۆ گواستنەوەی هەواڵی بەرەکانی جەنگ.
بەشداربووانی رێوڕەسمەکە: کوردستان24 نموونەی میدیای ئازادی جیهانییە
لە میانەی مەراسیمی بەخشینی خەڵاتەکەدا، بەرپرسان و کەسایەتییە دیارەکان ستایشی رۆڵی کاریگەری کوردستان24یان کرد:
پیتەر رۆف، سەرۆکی دەستپێشخەریی میدیای ئازاد، رایگەیاند: "دەستپێشخەریی ئازادیی میدیا هەوڵ دەدات رێز لەو بەرهەمهێنەرە میدیاییانە بگرێت کە بەرهەمەکانیان دادپەروەرانە، هاوسەنگ، زانیاریبەخش و وردبینانەن؛ هەروەها چیرۆک و روانگەیەک پێشکەش دەکەن کە ئاسۆی بیرکردنەوە فراوان دەکات و کاریگەری لەسەر بازاڕەکان دادەنێت. ئەمساڵ هەستمان کرد، لە نێو هەموو ئەو دامەزراوانەی پێشنیار کرابوون، کوردستان24 وەک نموونەیەکی بەرچاوی ئەوە دەردەکەوێت کە میدیای ئازادی جیهانی دەبێت چۆن بێت."
ساشە تۆپەریچ، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تۆڕی سەرکردایەتیی ترانسئەتڵانتیک، لە گوتارێکدا گوتی:زۆر دڵخۆش بووم بەم هەنگاوە، وەک دەزانن من کوردستانم خۆش دەوێت. ئەم پێشنیازە لە رێگەی ئەندامی لیژنەی هەڵسەنگاندنمان، خاتوو ئان ئێلیزابێس موتێ لە فەڕەنسا هات کە رۆژنامەنووسی دیاری دەیلی تێلێگرافە، منیش بە تەواوی پشتگیریم لێ کرد. پێم وایە ئەم خەڵاتە هۆکارێکی دیکەی خستە بەردەم خەڵکی ئەمەریکا بۆ ئەوەی گرنگیی گەلی کورد وەک هاوپەیمانێکی زۆر بەهێز بناسن. دوای ئەوەی چەندین جار سەردانی کوردستانم کردووە، ئەمە شەوێکی پڕشنگدارە بۆ کوردستان24."
تریفە عەزیز، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، ئاماژەی بە گرنگیی مێژوویی ئەم دەستکەوتە کرد و گوتی: رووماڵی کوردستان24 بۆ شەڕی دژ بە داعش گرنگییەکی زۆری هەبوو بۆ ئەوەی بە جیهان پیشان بدات ئەم گرووپە تیرۆریستییە چ دڕندەییەک ئەنجام دەدات. لەم رێوڕەسمەدا فیلمێکی بەڵگەنامەیی نمایش کرا کە ڕووماڵە مەیدانییەکانی کوردستان24ی لەو قۆناخە سەخت و هەستیارەدا دەخستەڕوو. جێگەی شانازییەکی گەورەیە کە ئەمڕۆ لێرەم بۆ ئەوەی شاهیدی وەرگرتنی ئەم خەڵاتە نێودەوڵەتییە بم لەلایەن کوردستان24ەوە.
لە بەرامبەردا، رەحیم رەشیدی لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا بە نوێنەرایەتیی دامەزراوەی کوردستان24، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین، خەڵاتەکەی پێشکەش کرد بە سەرجەم ئەو رۆژنامەنووسانەی لە پێناو ئازادی، دادپەروەری، راستی و دیموکراسیدا ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ ئەوەی دەنگی گەلەکەیان بە جیهان بگەیەنن.


