دادگای ئیداری فەرەنسا بڕیاری قەدەغەکردنی باڵاپۆشی لە قوتابخانەکان پەسەند کرد

فەرەنسا
فەرەنسا

K24 - هەولێر:

ئەنجومەنی دەوڵەت کە بەرزترین دادگای ئیدارییە لە فەرەنسا بڕیارێکی حکومەتی بۆ قەدەغەکردنی باڵاپۆشی لە قوتابخانەکانی ئەو وڵاتە پەسەند کرد.

لەوبارەیەوە دادگای ئیداری فەرەنسا بڵاویکردەوە، دوای سەرنجدان لە ژمارەیەک سکاڵای تایبەت بە ڕەتکردنەوەی بڕیاری قەدەغەکردنی باڵاپۆشی لە قوتابخانەکاندا، پەسەندی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەیان بۆ قەدەغەکردنی باڵاپۆشی کردووە و پێیانوایە بڕیارەکە جیاکاری دژی موسڵمانان تێدا نییە.

ئەمە لە کاتێکدایە، کۆتاییەکانی مانگی رابردوو گابریال ئاتال وەزیری پەروەردەی فەرەنسا ڕایگەیاند، قەدەغەی سەرجەم هێما ئایینییەکان لە قوتابخانەکانی فەرەنسا دەکەن، لەنێویشیاندا باڵاپۆشی، ئەمەش کاردانەوەی توندی قوتابییە موسڵمانەکانی بە دوادا هات.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ یوتیوبەرێکی فەرەنسی بەناوی هوگۆ تراڤێرس باسی لە هۆکارەکانی پشت بڕیاری 'قەدەغەکردنی باڵاپۆشی لە قوتابخانەکان" کرد و گوتی: قوتابخانە سیکۆلارە و ئەوەش واتە نابێت ببێتە شوێنێک بۆ نیشاندانی هێما ئایینیەکان، ئێمە دەبێت گفتوگۆ بکەین و ڕوونیبکەینەوە، بەڵام بە بڕوای من زۆر گرنگە کە قوتابخانەکان وەک شوێنێکی بێلایەن بمێننەوە.

ژمارەی دانیشتووانی فەرەنسا 67 ملیۆن کەسە و لەو رێژەیەش لەسەدا 10 موسوڵمانن.